فارس عیسا بۆ كوردستان24: رێککەوتنی سەرەتایی لەسەر یاسای نەوت و گاز کراوه

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا

K24 – هه‌ولێر:

فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ‏بەغدا، به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، رۆژی (دووشه‌ممه‌ 27ـی شوبات / فێبرایه‌ری 2023)، شاندی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كه‌ن و تا رۆژی پێنجشه‌ممه‌ ده‌مێننه‌وه‌ و به‌رده‌وامی به‌ گفتوگۆكانیان ده‌ده‌ن.

هه‌روه‌ها فارس عیسا دووپاتیكرده‌وه‌، شاندی حکومەت لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق کۆدەبێته‌وه‌ و رێککەوتنی سەرەتاییش لەسەر یاسای نەوت و گاز کراوه.

ده‌شڵێت: کۆبوونەوەکانی پێشوو زۆر ئەرێنی بوون و گەیشتوون به رێگەچارەیەک.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، رۆژی سێشه‌ممه‌ (21ـی شوبات/ فێبرایه‌ری 2023)، جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی كوردستان و ئەندامی شاندەکەی هه‌رێم بۆ به‌غدا، لەباره‌ی دوایین سه‌ردانی شاندی هه‌رێم له‌ لێدوانێکدا بە پێگەی فەرمیی حکومەتی هەرێمی راگەیاندبوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای رێكکەوتنە سیاسییەکەی پێکهێنانی حکومەتی سوودانی، بۆ داڕشتن و ئامادەکردنی یاسای بودجەی 2023 و یاسای نەوت و گاز و چەندین بابەتی پەیوەندیدار سەردانی بەغدا ده‌كات.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی دۆسییەی یاسای نەوت و گاز ئاماژەی بەوەدابوو، لێکتێگەیشتنێک لەسەر بنەما گشتییەکان هەیە، بەڵام پێویستی بە گفتوگۆ و کۆبوونەوەی زیاتر هەیە و لیژنە هاوبەشەکە لە چەند رۆژی داهاتوودا، بۆ كارپێكردن بەو لێکتێگەشتنەی نێوان هەردوولا لەسەری ڕێككەوتوون، دەستبەکار دەبێت.