مونا قەهوەچی: رێگە نادەین هیچ لایەنێک لە جیاتی ئێمە بڕیار بدات
مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی: ئامادەین بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن
K24 - هەولێر
مونا قەهوەچی، رایدەگەیەنێت قسەی کۆتایی خۆیان لەسەر کورسی پێکهاتەکان کردووە و رێگە نادەن هیچ لایەنێک لە جیاتی ئەوان بڕیار بدات، بەرپرسی بەشی یاسایی مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتیش دەڵێت: دەبێت پێکهاتەکان خۆیان بڕیار لە چارەنووسیان بدەن و ئامادەین بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن.
مونا قەهوەچی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "مانگی رابردوو بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکانی تورکمان کرا، لە کۆبوونەوەکەدا داوامان کرد هیچ حزبێک لەجیاتی ئێمە بڕیار نەدات".
کێشە گەورەکە لەنێوان پارتی و یەکێتییە، ئەو دوو لایەنە هێندە کەم یەکتریان بینیوە نازانن کورسی پێکهاتەکان کێشەیە یان شتی دیکە، دیاریش نیە کەی جارێکی دیکە کۆدەبنەوە، دیاریکردنی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش پەیوەستە بە رێکەوتنەکەیانەوە. پارتی دەیەوێت بڕیاری کۆتای لەسەر کورسی پێکهاتەکان لای پێکهاتەکان خۆیان بێت.
هاوار محەممەد، بەرپرسی بەشی یاسای مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ئێمە هەمیشە جەخت لەوە دەکەینەوە، کام میکانیزم گەرەنتی نوێنەرایەتی راستەقینەی پێکهاتەکان دەکات لە پەرلەمانی کوردستان ئەوە بکرێت".