نێچيرڤان بارزانى سەردانی ئیمارات دەکات

K24 – هەولێر

سه‌رۆكى ئيماراتى بانگهێشتنامەیەکی ئاراستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد، بۆ ئەوەی سەردانی وڵاتەکەی بکات.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 2023/2/26، نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ ئه‌حمه‌د ئيبراهيم سه‌عيد ئەلزاهرى، كونسوڵى گشتيى ئيمارات كرد.

بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێم، له‌ ديدارێكدا هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ پته‌وكردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئيمارات و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان كرده‌وه و‌ دۆخى سياسى و ئابووريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر به‌غدايان تاوتوێ كرد. هه‌روه‌ها كونسوڵى گشتيى ئيمارات، بانگهێشتنامه‌يه‌كى فه‌رميى شێخ محه‌ممه‌د بن زايد ئال نه‌هيان، سه‌رۆكى ئيماراتى گه‌يانده‌ نێچيرڤان بارزانى بۆ سه‌ردانى وڵاته‌كه‌ى.

ئاماژە بەوەشکراوە، له‌ بانگهێشتنامه‌كه‌دا سه‌رۆك ئال نه‌هيان، وێڕاى سڵاو و ڕێز بۆ نێچيرڤان بارزانى، ئاماژه‌ى به‌ خواست و گرنگيدانى وڵاته‌كه‌ى به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان له‌ بواره‌ جياكاندا كردووه‌، هه‌روه‌ها بۆ گۆڕينه‌وه‌ى بيروڕا ده‌رباره‌ى به‌رژه‌وه‌ندييه‌ هاوبه‌شه‌كانى نێوان هه‌ردوولا، چاوى له‌وه‌يه‌ له‌ ئيمارات پێشوازى له‌ نێچيرڤان بارزانى بكات.

لاى خۆيه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى ناردنى سڵاو و رێز بۆ سه‌رۆك ئال نه‌هيان، به‌ خۆشحاڵييه‌وه‌ بانگهێشتنامه‌كه‌ى بۆ سه‌ردانى ئيمارات قبووڵ كرد و باسى له‌ گرنگيى په‌يوه‌نديى ئيماراتى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد.

پرسى بودجه‌ و ياساى نه‌وت و گاز له‌نێوان حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فيدراڵيى عێراقدا، دۆخى شه‌نگال و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.

.