ئومێد سه‌باح: له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ سوودانی كۆبووینه‌وه‌

د. ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران
د. ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران

K24 - هەولێر:

سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران رایده‌گه‌یه‌نێت، لە بەغدا لەگەڵ محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووینەوە.

ئومێد سه‌باح  سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك نووسیوویه‌تی: ئەمڕۆ (یەکشەممە 26ـی شوبات / فێبرایه‌ری 2023)، وەک شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەغدا لە گەڵ محه‌ممه‌د شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووینەوە.

هه‌روه‌ها نووسیوویه‌تی: "لە کۆبوونەوەکەدا دوای گفتوگۆکردن دەربارەی بابەتە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، گەیشتینە رێککەوتنێکی سەرەتایی لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی 2023 و لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان هەردوولادا هەبوو".

له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری، دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و خالید چاوشلی سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم لە بەغدا لە گەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبونەوە.  

لە دیدارێکدا کە هەریەک لە دکتۆر فوئاد حسێن و محەمەد تەمیم جێگرانی سەرۆک وەزیران، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و بەنگین رێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق ئامادەیبوون، تاووتوێی پشکی هەرێم لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2023عێراق کراو، شاندی هەردوولا گەیشتنە رێکەوتنی سەرەتایی بۆ چارەسەری کێشەکان.