له‌ كه‌ركووك مۆڵه‌تی 15 رۆژ به‌ 31 خێزانی كاكه‌یی ده‌درێت

K24 - کەرکووک

لە كەركووك 31 خێزانی کاکەیی ئاگادارکراونەتەوە، کە دەبێت لە ماوەی 15 رۆژدا خانووەکانیان چۆڵ بکەن، چونکە دەکەوێتە بەردەم پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری، ئەو هاووڵاتییانە پێشووتر ئاوارەی شارەکانی دیکە بوونە و لە دوای ساڵی 2003 گەڕاونەتەوە کەرکووک و پارچە زەوییانەیان پێدراوە.

جوامێر مەحموود، خاوەن پێداویستی تایبەتە و ماوەی 17 ساڵە لە گەڕەکە دەژی، پێشووتر ئاوارە بوونە و لە دوای گەڕانەوەیان بۆ کەرکووک ئەم زەوییانەیان پێدراوە، ئێستاش پڕۆژەی چەمی خاسە دەکەوێتە نێو گەڕەکەکەیان و دەبێت شوێنەکەیان چۆڵ بکەن، ئەو دەڵێت: "ئاگادارکراوینەتەوە دەبێت ئەم شوێنە چۆڵ بکەین، ئێمە نازانین بۆ کوێ بڕۆین لایەنە سیاسییەکان بۆ لەسەرمان نایەنە دەنگ".

بەڵێننامەیەک لەلایەن بەڕێوبەرایەتی سەرچاوە ئاوییەکانی کەرکووکەوە بەو خێزانانە پڕکراوەتەوە، دەبێت لەماوەی 15 رۆژدا خانووەکانیان چۆڵ بکەن، چونکە ئەم خانووانە کاریگەری هەبووە لەسەر راگرتنی پرۆژەکە.

هاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتووی ئەو گەڕەکە بەناوی نەجیبە حەبیب، بە کوردستان24ی گوت: "خۆم لەسەدا 40ئ جەستەم کەمئەندامە و توانای هیچم نییە، بۆ کوێ بڕۆین، قەرەبوومان بکەنەوە با چۆڵی بکەین".

ئەرکی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لە ئەستۆی بەڕێوبەرایەتی سەرچاوە ئاوییەکانی کەرکووکە و دەڵێن: دەبێت سەرجەم زیادەڕەوییەکان لاببرێن، ئێستا ئەم ماڵانە ئاگادار کراونەتەوە لە قۆناغی داهاتوودا ژمارەیەک خانووی دیکە بەر پڕۆژەکە دەکەوێت.

زەکی کەریم ئەحمەد، بەڕێوبەری سەرچاوە ئاوییەکانی کەرکووک بە کوردستان24ی راگەیاند: " لەسەر رۆشنایی نووسراوەکانی پارێزگا، ئەو ماڵانەمان ئاگادار کردووەتەوە، دەبێت ئەو شوێنە چۆڵ بکەن، چونکە شوێنەکەیان زێدەڕۆییە".

پرۆژەکە بریتیە لە نۆژەنکردنەوەی چەمی خاسەی کەرکووک، بە شێوازێکی مودێرن، لە ساڵی 2022 چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بڕی دوو ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە.