پلانی رووسیا بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان نرخی نەوتی دابەزاند
K24 - هەولێر
نرخی نەوت لە مامەڵەکانی یەکەم رۆژی هەفتەدا لە بازاڕەکانی ئاسیا دابەزی، لە کاتێکدا رووسیاش پلانی هەیە لە پێناو پاڵپشتی کردنی نرخی نەوت ئاستی بەرهەمهێنان کەمبکاتەوە. لە هەمان کاتدا بازاڕی نەوت بە بەرزبوونەوەی نەوتی عەمبارکراوی ئەمەریکا کاریگەر بووە.
لەسەر ئاستی مامەڵەکاندا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە گرێبەستەکانی داهاتووی بە رێژەی سەدا 0.58 بۆ 82.68 دۆلار دابەزی، هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش لە گرێبەستەکانی داهاتووی بە رێژەی سەدا 0.55 بۆ 75.90 دۆلار دابەزی.
ئەمە لە کاتێکدا، مۆسکۆ پلانی هەیە هەناردەی نەوت لە بەندەرەکانی رۆژئاوای بە رێژەی سەدا 25 لە مانگی ئاداردا کەمبکاتەوە، هاوکات ئاستی بەرهەمهێنانی بە رێژەی سەدا 5 کەمبکاتەوە.