تێکشکانی بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا کاردانەوەی لێکەوتەوە

پاشماوەی بەلەمی کۆچبەران - وێنە: AFP
پاشماوەی بەلەمی کۆچبەران - وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

تێکشکانی بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا و خنکانی لانیکەم 59 کەس، کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.

پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان خەمباری خۆی بۆ تێکشکانی بەلەمی کۆچبەران دەربڕی و رایگەیاند، نزا بۆ قوربانیان و شوێنبزربووان دەکات و سوپاسی تیمەکانی فریاکەوتنیش دەکات.

نەتەوەیەکگرتووەکانیش ئاشکرایکرد، کۆچبەرەکان هاوڵاتی ئێران، ئەفغانستان، سۆماڵ و پاکستان بوون، داواش دەکات چارەسەری پرسەکە بکرێت.

ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کۆچ و پەنابەران رایگەیاند، بەلەمی کۆچبەرەکان لە بەندەری ئیزمیری تورکیاوە لە دەریای ناوەڕاستەوە بەرەو کەناراوەکانی ئیتاڵیا بەڕێکەوتووە و زیاتر لە 200 پەنابەریشی تێدابووە.

ئاماژەی بەوەشدا، پەنابەرەکان هاوڵاتی ئێران، ئەفغانستان، پاکستان و سۆماڵ بوون و تاوەکو ئێستا لانیکەم 59 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و لەو ژمارەیەش 12 کەسیان منداڵن، زیاتر لە 80 کەسیش رزگارکراون و هێشتا بە دەیانی کۆچبەری دیکەش بێسەروشوێنن.

راستەوخۆ دوای تێکشکانی بەلەمەکە، جۆرجیا مێلۆنی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا هاتە سەر هێڵ و هاوخەمی خۆی بۆ قوربانیان دەربڕی و دووپاتیشیکردەوە، بەهیچ شێوەیەک رێگە بە کۆچی نایاسایی بۆ وڵاتەکەیان نادەن.

ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، کۆچبەران بەدوای ژیانێکی باشتر کۆچدەکەن و دەبێت بەبێ جیاوازی رێز لە مافەکانیان بگیردرێت.

گوتێرێز باسی لەوەکرد، کە لە دەیەی رابردووەوە 100 ملیۆن هاووڵاتی بەهۆی توندوتیژی و جەنگ و پیشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ناچاربوون لە ناوچەکانیان هەڵبێن.

لەلایەکی دیکەشەوە، چارلز میشێڵ، سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپاش رایگەیاند، دەبێت چارەسەرێک بۆ پرسی کۆچ بدۆزنەوە و رێگە لە بەقاچاخبردنی کۆچبەران بگرن، بۆ ئەو مەبەستەش پێکەوە لەگەڵ کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا کاردەکەن بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی رووداوی هاوشێوە.

ساڵانە لە تورکیاوە بە هەزاران کۆچبەر روو لە ئەوروپا دەکەن، تەنیا لە ساڵی رابردوو، 105 هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە کەناراوەکانی ئیتالیا.