ئەنادۆڵ: دەزگای هەواڵگری تورکیا لە سلێمانی ئەندامێکی پەکەکە دەڕفێنێت

دیمه‌نێكی شاری سلێمانی
دیمه‌نێكی شاری سلێمانی

K24 - هەولێر:

دەزگای هەواڵگری تورکیا ناسراو بە (میت) ئەندامێکی پەکەکە لە سلێمانییەوە بەرەو تورکیا دەڕفێنێت، کە بە گوێرەی ئاژانسی ئەنادۆڵ دەستی لە کوشتنی 60 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا هەبووە.

ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە، ئەو ئەندامەی پەکەکە کە لەلایەن میتەوە لە شاری سلێمانی بەرەو تورکیا رفێندراوە، ناوی (رەمەزان گونەش)ـەو لە 12 "کردەی تیرۆریستی"ـدا بەشداریکردووە.

هەرچەندە ئاژانسەکە شێوازی گرتن و رفاندنی ئەو ئەندامەی پەکەکەی نەخستووەتەڕوو، بەڵام ئاماژەی بەوەداوە، کە لەو کردە "تیرۆریستیانەدا" 60 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کوژراون.

لە هەواڵەکەی ئاژانسی ئەنادۆڵدا هاتووە، رەمەزان گونەش لە 2008 پەیوەندی بە پەکەکەوە کردووە نازناوی "شۆڕشگێڕی" هەبووە لەناو پەکەکەدا، هەروەها لە هەرێمی کوردستان و سووریا بەشداری لە چالاکییەکانی پەکەکەدا کردووە.

کوردستان24 لەوبارەیەوە چەند جارێک هەوڵیدا پەیوەندی بە گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی سلێمانییەوە بکات، بەڵام دەزگاکە تا ئێستا وەڵامی پەیوەندییەکانی نەداوەتەوە.

رەمەزان گونەش - وێنە: AA
رەمەزان گونەش - وێنە: AA