سەرۆک بارزانی لەگەڵ شاندێکی حکومەتی بەریتانیا کۆدەبێتەوە
لۆرد ئەحمەد سەرۆکایەتی شاندەکەی بەریتانیا دەکات
K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین لەگەڵ شاندێکی حکومەتی بەریتانیا کۆبووەوە، کە لۆرد ئەحمەد وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا و باشووری ئاسیا و نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، سەرکردایەتی دەکرد.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا کە مارك برایسۆن ریچاردسۆن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و رۆزی کەیڤ کونسوڵی بەریتانیا لە هەولێر ئامادەی بوون، لۆرد ئەحمەد پێزانینی بۆ خەبات و تێکۆشانی سەرۆک بارزانی هەبوو و رۆڵ و کاریگەریی سەرۆک بارزانی بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەرز نرخاند.
ئاماژە بەوەشدرا، کە هەر لەو دیدارە رۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و باسیش لە دوایین پێشهاتەکانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق کرا.
بارەگای بارزانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان لایەنەکان ئاڵوگۆڕ کرا و سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئەمساڵ، هەڵبژاردنەکانی هەرێم بەڕێوە بچن.
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بریتانیا تەوەرێکی دیژەی ئەو دیدارە بوو و هەردوولا جەختیان لە بایەخ و گرنگیی پێشخستنی ئەو پەیوەندییانە کردەوە.
