سەرۆ قادر: رێبازی مەلا مستەفای بارزانی لەسەر بنەمای دادپەروەری دروستبووە
K24 - هەولێر:
سەرۆ قادر، نووسەر و چاودێری سیاسی لە گەشتی هەواڵەکانی کوردستان24 لە باسی مەلا مستەفای بارزانیدا گوتی: بارزانی نەوەی بزووتنەوەیەکەی عەدالەتخواز بووە لە ناوچەی بارزان، ئەو بزووتنەوەیە لە سەردەمی عوسمانییەکان و سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقیش بەردەوام بەرگری لەخۆی کردووە.
ئەو نووسەرە گرنگی رێبازی بارزانی لەوەدا دەبینێت، کە "رێبازێکی کراوەیە، واتە هەرچیەک بەکەڵکی ژیان بێت، لەدژی ناوەستێت و رێبازێکە لەسەر بنەمای دادپەروەری دروستبووە".
سەرۆ قادر پێی وایە، نهێنی مانەوەی ناوی بارزانی وەک سیمبولی میلەتی کورد، تەنیا بەرگریکردن نییە، بەڵکو ئەو باوەڕانەیە کە قۆناغی نوێی بزووتنەوەی رزگاریخوازی لەسەر دامەزرا.
بە ئاماژەدان بە گوتەیەکی مەلا مستەفا بارزانی کە دەڵێت (شەرت نییە هەموو پارتیەک کوردێکی باش بێت، بەڵام هەموو کوردێکی باش پارتیەکی باشە، وە من سەرۆکی کوردە باشەکانم) سەرۆ قادر باسی لەوەکرد، بارزانی حزبی دەویست، بەڵام حزب لەلای ئەو ئامرازێک بوو بۆ بزووتنەوەی سیاسی، ئامانج نەبوو، هەربۆیە کاتێک قۆناغێکی سیاسی پیویستی بە تێپەڕین بووایە، بارزانی بەجێی دەهێشت.