ئێران بە توندی وەڵامی بان كی موون دەداتەوە
راپۆرتەكەی بان كی موون لە ژێر گوشار و كاریگەری سیاسی چەند وڵاتێكی ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا نووسراوە

K24 - ھەولێر
ئێران لە كاردانەوە بەرامبەر راپۆرتەكەی سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، دەڵێت، ئەو راپۆرتە لە ژێر گوشاری سیاسی چەند وڵاتێكدا نووسراوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە كاردانەوەیەكی تونددا بە راپۆرتەكەی بان كی موون سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەو راپۆرتەی لە دەرەوەی چوارچێوەی دەسەڵاتەكانی بان كی موون ناوبرد و دەڵێت، راپۆرتەكەی بان كی موون لە ژێر گوشار و كاریگەری سیاسی چەند وڵاتێكی ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا نووسراوە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران كە ناوی ئاشكرا نەكراوە داوا لە بان كی موون دەكات، لە چوارچێوەی دەسەڵاتەكانیدا راپۆرتێك لەبارەی كەمتەرخەمییەكانی ئەمریكا لە جێبەجێكردنی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران ئامادە بكات.
ئاژانسی رۆیتەرز، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بەشێك لە راپۆرتی نھێنی بان كی موون سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی بڵاو كردەوە، كە تێیدا دەڵێت، تاقیكردنەوە مووشەكییەكانی ئێران دژی ناوەرۆکی رێككەوتنەكانن و دەبێت ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەوبارەوە بڕیاری كۆتایی بدات.