د. ئەشواق جاف: پارتی ئامادەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵی یەکێتی
"لە هەموو حاڵتێکدا هەڵبژاردن دەکرێت و چیتر دواناکەوێت"
K24 - هەولێر:
د. ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەین و چاوەڕێی برایانی یەکێتی دەکەین".
د. ئەشواق جاف لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر هەشتی کوردستان24 گوتی: ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەین و چاوەڕێی برایانی یەکێتی دەکەین، هەروەها گفتوگۆکان دەبێت بۆ خزمەتکردن و پاراستنی خەڵک و قەوارەی هەرێمی کوردستان بێت.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی جەختی لەوەکردەوە، "بە دڵنیاییەوە ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنین، بۆیە لە هەموو حاڵتێکدا هەڵبژاردن دەکرێت و چیتر دواناکەوێت".
ئەوەشی خستەڕوو، کە دواخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن، یاساییبوونی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە، گوتیشی: بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەوەداین ئەم پرۆسە دیموکراسییە ئەنجام بدرێت.
سەبارەت بە کۆبوونەوەیان لەگەڵ یەکێتی، د. ئەشواق جاف رایگەیاند، لەگەڵ یەکێتی هەندێک گفتوگۆ ماوە بکرێت، لە کۆتا کۆبوونەوەدا شاندی یەکێتی هەندێك خاڵیان هەبوو، گوتیشی "ئێمە رای خۆمان لەسەر ئەو خاڵانە داوە و هەردوولا گەڕانەوە بۆ مەکتەب سیاسییەکانیان، بۆیە کۆبوونەوەی داهاتوو دەبێت رای کۆتایی بدرێت".
د. ئەشواق جاف ئاماژەی بەوەشدا، کۆبوونەوەی داهاتووی پارتی و یەکێتی دەربارەی دەرئەنجامی کۆتایی پرسی هەڵبژاردن دەبێت.