ئه‌مینداری یه‌كگرتوو به‌ پرۆژه‌یه‌ك رێگری له‌ پیلانی وڵاتێكی هه‌رێمی ده‌كات

ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك پێشكه‌ش ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

بەمەبەستی یەکخستنەوەی نێوماڵی کورد، بڕیارە لەم هەفتەیدا شاندی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەسەرۆکایەتی سەڵاحەددین مەحمەد بەهائەدین بەجیا سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بکات و چەند پێشنیازێك بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە بخاتە بەردەم بەرپرسانی باڵای هەردوو حزب.

ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە کۆبوونەوەی داهاتووی لەگەڵ گۆڕان و پارتی کە چاوەڕێ دەکرێ لە م هەفتەیە بەرێوە بچێت،  دوو پێشنیاز دەخاتە بەردەم  بارزانی و نەوشیروان مستەفا، کە بریتی دەبن لە پیشنیازی کۆبوونەوەی دوو قوڵی هەردوو سەرکردە و پێشنیازی دووەمیش کۆبوونەوەی تەواوی سەرکردەکانی پارتەکان دەبێ.

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بڕوای وایە، هەوڵەکانیان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان  و بزووتنەوەی گۆڕان سەرکەتوو دەبێ، بەو پێیەی بەفەرمی  بەرپرسانی باڵای هەردوولا دڵنییان داوەتە سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەوان لە پێناو  یەکخستنەوەی نێو ماڵی کورد و ئاشتەوایی  نەرمی لەهەڵویستەکانیان دەنوێنن، بەمەرجێك  ئەگەر دەستی دەرەکی رێگری لە هەوڵەکانیان نەکا.

یەکگرتوو نایشارێتەوە کەمەترسییەکی گەورە رووبەرووی هەرێمی کوردستان بۆتەوە، دەخوازن  لەرێگای هەوڵە دبلۆماسییەکانیان پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان ئاسایی بکەنەوە و  رێگری لە پرۆژەی وڵاتێکی هەرێمی بکەن، کە مەبەستیەتی باشووری کوردستان بۆ سەر سێ  ناوچە  و هەرێمی بچووك دابەش بکا.