گرانبوونی گۆشتی سوور خواستی بۆ مریشک زیادکردووە

K24 - هەولێر

چەند رۆژێکە نرخی مریشکی زیندوو لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە نزیکەی دوو هێندە بەرزبووەوتەوە، بە جۆرێک نرخی کیلۆیەک مریشک 4000 دیناری عێراقی تێپەڕاندووە.

فیراس سدیق بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ کوردستان24 رایگەیاند، چەند هۆکارێک وایانکردووە نرخی مریشک بەرزبێتەوە. لە دیارترینیان لە ئێستا لە پشووەکانی نەورۆز ئادارداین و لە مانگی رەمەزان نزیک دەبینەوە، ئەوە وایکردووە خواست بۆ گۆشتی مریشک زیاد بێت، بە تایبەت کە ئێستا نرخی گۆشتی سوور بەرزبووەتەوە، ئەوە وایکردووە بەشێک لە هاووڵاتییان نەتوانن گۆشتی سوور بکڕن بۆیە وەک کاڵای جێگرەوە خواست بۆ مریشک زیادبووە.

بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ گووتیشی: نرخی گۆشتی مریشک گران نەبووە بەڵکو ئەوە هاووڵاتییانن کە ماوەی دوو ساڵە مریشک بە هەرزان دەکڕن".

ئاماژەی بەوەشدا: "نابێت دڵمان بە هەرزانییەک خۆشبێت، کە ئەو هەرزانییە لە ئەنجامی بەناچار فرۆشتنی خاوەن کێڵگەکان بووە".

بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ بۆ کوردستان24 روونیکردەوە، کە تێچووی بەرهەمهێنانی کیلۆیەک مریشک لە کێڵگە پەلەوەرییەکان لە دۆخێکی ئاساییدا 2600 بۆ 2650 دینارە، بەڵام ئێستا نرخی بەرهەمهێنانی کیلۆیەکی 2800 دینارە، بەڵام لەم دوو ساڵەی رابردوودا خاوەن کێڵگە پەلەوەرییە ناچار بوونە نرخی کیلۆیەکی بە 1600 دینار بفرۆشن واتە لە هەر کیلۆیەکدا 500 دینار زیان بکەن.

دەشڵێت: "فرۆشتنی کیلۆیەک مریشک لە خوار 3000 دینار زیانی بە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان دەگەیەنێت و ئەوەش کاریگەری لەسەر بەردەوامی کارەکانیان دەبێت و دەرهاویشتەی لەسەر رێژەی بێکاری هەیە.

هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی ئەو هەرزانییەوە بەشێکی خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی زیانیان کردووە و مایەپووچ بوون، ئەوەش وایکرد بەشێکیان بۆ ئەم وەرزە جووجەڵەی نوێ نەنێنەوە. کە کەمی بەرهەمی لێکەوتووتەوە، بەهۆی کەمی خستنەڕوو و زۆری خواست، وایکردووە نرخەکەی لە بازاڕدا بەرزبێتەوە.