عەباس عوبێد لە یاریدەدەری راهێنەری یانەکانی عێراقەوە بۆ راهێنەری یەکەمی یانەی هەولێر
K24 - هەولێر:
یانەی هەولێر بە فەرمی راهێنەری نوێی بۆ تیپی خولی نایابی عێراق دەستنیشانکرد و عەباس عوبێد لە قۆناخی دووەم راهێنەرایەتی یانەکەی قەڵاومنارە دەکات.
یانەی هەولێر بە فەرمی رایگەیاندووە، عەباس عوبێد یاریدەدەری راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی ئۆلمپی عێراق بۆ قۆناخی دووەمی خولی نایابی عێراق راهێنەرایەتی یانەکەیان دەکات و حیسام فەوزی وەکو یاریدەدەری راهێنەر بەردەوام دەبێت.
عەبدولقادر حوسێن کە بە کاتی راهێنەرایەتی یانەی هەولێری دەکرد، وەکو یاریدەدەری دووەم بەردەوام دەبێت و جەودەت سلێمانیش وەکو راهێنەری گۆڵپارێزان لە ستافی راهێنەران کار دەکات.
عەباس عوبێدی (49 ساڵ) پێشتر وەکو یاریزان لە ریزی یانەکانی تەڵەبە و زەوڕا یاریی کردووە و بۆ ماوەی پێنج ساڵیش لە ریزەکانی یانەی پۆهانگ ستیلەرزی کۆریای باشوور یاریی کردووە و تاکە یاریزانی عێراقی بووە لە مێژوودا ساڵی 1999 لەگەڵ یانە کۆرییەکە بووەتە پاڵەوانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا.
راهێنەرە نوێیەکەی هەولێر 28 یاریی بە درێسی هەڵبژاردەی عێراق ئەنجام داوە و هەشت گۆڵی کردووە و تا ئێستا لە وێستگەی راهێنەرایەتی نەبووەتە راهێنەری یەکەمی هیچ یانەیەکی دیاری عێراقی و وەکو یاریدەدەری راهێنەر لە یانەکانی دهۆک، شورتە، تەڵەبە، مینا، نەفت و زەوڕا کاری کردووە و ماوەیەکی کەم وەکو راهێنەری یەکەم راهێنەرایەتی یانەکانی نەفتی میسان و سناعات کارەبایی کردووە.