وەزارەتی دارایی: 400 ملیار دینارەکە گەیشت

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 – هەولێر

وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاند، ئەو 400 ملیار دینارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر رێککەوتبوون خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:  "لە چوارچێوەی رێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی فیدراڵ ئەمڕۆ بڕی 400 ملیار دینار گەیشتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم".

دوێنێ 12/3/2023، جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، هیچ گرفتێک لەبەردەم ناردنی ئەو 400 ملیار دینارە نەماوە و رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاساى نەوت و گازی فیدراڵی لە بەغدایە. کە گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئەو پڕۆژەیاسایە کۆمەڵێک کێشە لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق چارەسەر دەکات".