ناتۆ له‌ ئاسمانه‌وه‌ چاودێری جموجۆڵه‌كانی داعش ده‌كات

هاوكاری عێراق ده‌كات

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/3a7458b5-e94b-4bfb-a69d-556400183d7b/NATOIRAQ.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

لە کۆبوونەوەی کۆتایی لوتکەی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، بڕیاردرا بە دابینکردنی فڕۆکەی چاودێری بۆ ھێزە عێراق بۆ رووبەڕووبونەوەی داعش و فراوانکردنی بەرنامەی مەشق و راھێنانی سەربازانی عێراق وەک خۆئامادەکردن بۆ ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ.

وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لەسەر ھاوکاریکردنی عێراق بۆ رووبەڕبوونەوەی داعش کۆبوونەوە و ئاشکرایان کرد کە سەرجەم وڵاتان رێککەوتوون لەسەرئەوەی ھاوکارییەکان بۆ عێراق زیاتر بکرێن، تاوەکو بتوانرێت بەزووترین کات ھەڕەشەی داعش لە عێراق لەناوببرێت.

سەرکردەی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ناتۆ لەمیانەی بەڕێوەچوونی لووتکەی وارشۆ، بێجگە لەوەی لەسەر چڕکردنەوەی ھاوکارییەکانیان بۆ عێراق رێککەوتن، ئەوان رازیبوون بەوەی فڕۆکەی چاودێری بدەنە عێراق، ئەمەش وەکو یەکەم ھەنگاو بۆ زیاتر بەتواناکردنی ھێزە عێراقییەکان بەرامبەر بە چەکدارانی داعش و چاوەڕێش دەکرێت لە پاییزی ئەمساڵەوە ئەو فڕۆکانە بگەنە دەست سوپای عێراقی.

یەنز شتۆڵتینبێرگ - سکرتێری گشتی ناتۆ گوتی: "ئەمڕۆکە بڕیارماندا کە بەرنامەی بەھێزکردن و راھێنانی عێراقییەکان زیاتر بکەین کە ئەمەش یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی رێکخراوی ناتۆ بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش. ھەروەھا بڕیارماندا کە درێژە بە مەشق و راھێنانی عێراقییەکان لە ئوردون بدەین و بەمزووانەش تیمێکی تایبەت رەوانەی بەغدا دەکەین، بەمەبەستی پێشکەشکردنی راوێژکاری ستراتیژی بۆ ھێزە ئەمنییەکانی عێراق".

سەرکردەکانی ناتۆ ئەوەشیان ئاشکرا کردووە کە تورکیا رازیبووە بنکەی سەربازی ئینجەرلیک بەکاربێت بۆ جێگرکردنی ئەو فڕۆکانە و لەوێووە، ئەو فڕۆکانە چاودێری ئاسمانی عێراق و سووریا بکات.

دەیڤد کامیرۆن - سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا, گوتی: "ئێمە لە ناتۆ، ھەوڵەکانمان بۆ ھاوکاریکردنی حکومەتی عێراق لەدژی گروپە توندڕەوەکان چڕتر دەکەینەوە. دوو ساڵ لەمەوبەر لە دوا لووتکەی ناتۆ، ئێمە رێککەوتین لەسەر ئەوەی مەشقی زیاتر بە سەربازانی عێراقی بکەین و ئەو بەرنامەیەشمان، سەرکەوتوو بووە کە راھێنانەکان لە ئوردون بەڕێوەچوون. بۆ قۆناخی داھاتووش ئێمە رێککەوتین لەسەر ئەوەی راھێنانی زیاتر بە عێراقییەکان بکەین لەبواری مینھەڵگرتنەوە و چارەسەرکردنی خێرایی بریندارەکان و لەمڕووەشەوە، بەریتانیا بڕی ملیۆنێک پاوەنی تەرخانکردووە بۆ بەڕێوەچوونی راھێنانەکان".

ئێستا سەرکردەکانی وڵاتانی ناتۆ گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ئەگەر ھەڕەشەی داعش لە عێراق و سووریا بەزووترین کات لەناونەبەن، ئەوا وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، بەردەوام دەبن لەوەی بەدەست قەیرانی پەنابەرانەوە بناڵێنن.