"لە یەدەگی گۆگرد عێراق لە پلەی یەکەمە لەسەر ئاستی جیهان"
K24 – هەولێر
وەزیری پیشەسازی و کانزاکانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە یەدەگی گۆگرد، عێراق لە پلەی یەکەمە لەسەر ئاستی جیهان.
خالید بەتال نەجم، وەزیری پیشەسازی و کانزاکانی عێراق رایگەیاند: لەسەر ئاستی جیهاندا، عێراق خاوەنی گەورەترین یەدەگی گۆگردە.
لەو بارەیەوە وەزیری پیشەسازی و کانزاکانی عێراق و بەڕێوەبەری گشتی گۆگردی میشراق لەگەڵ شاندێکی کۆمپانیای جیۆتیکی ئیماراتی کۆبووەوە و تاوتوێی هاوکاری و هاوبەشیان لە بواری پیشەسازی گۆگرد کرد.
لە راگەیەندراوی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکاندا هاتووە، لە کۆبووەنەکەدا تاوتوێی دەرفەتی کارکردن لە پیشەسازی گۆگرد کراوە، ئەو کۆمپانیا ئیماراتییەش بە گرنگییەوە خواستی هەیە بە هاوبەشی وەزارەتی پیشەسازی وەبەرهێنان لە پڕۆژەی دەرهێنان و بەرهەمهینانی گۆگرد بکات.
هاوکات کۆمپانیای گشتی گۆگردی میشراقی سەرجەم ئاسانکارییەکانی کارکردنی بۆ ئەو کۆمپانیا ئیماراتییە خستووەتەڕوو و بانگهێشتی کردووە لە پارێزگای نەینەوا سەردانیان بکەن.