بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ چوونە کۆشکی چانکایە دەستیپێکرد و بوومەلەرزەیەکی سیاسیش لە ئیی پارتی دەدات

کاندیدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا 2023
کاندیدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا 2023

K24 – هەولێر:

دوای بڵاوکردنەوەی ناوی کاندیدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا لە رۆژنامەی فەرمی ئەو وڵاتە، ئەمڕۆ هەینی بە فەرمی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لەو وڵاتە دەستیپێکرد، بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەردۆغانیش بە دووبارە بنیاتنانەوەی ناوچە زیانپێکەوتووەکانی بوومەلەرزەکە دەستیپێکرد و ئیی پارتیش رووبەڕووی گەورەترین جیابوونەوە دەبێتەوە.

لەگەڵ سەرقاڵبوونی لایەنەکانی تورکیاش بە بانگەشە بۆ کارنامەی سیاسی و کاندیدەکانیان، خەمی گەورەی لایەنە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئەم هەڵبژاردنەی تورکیا، پاراستنی دەنگەکان و رێگریکردنە لە دەستکاریکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.

هەرچەندە بانگەشەی لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا دەستیپێکردووە، بەڵام لیستی کۆتایی کاندیدەکانی بەشدار لە هەڵبژاردن، وابڕیارە لە 6-10ـی نیسانی 2023 بڵاوبکرێتەوە، دوای پەسەندکردنی لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە. 

پلانی ئەمنی بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا دانراوە

ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا لەدوایین کۆبوونەوەیدا جەختی لەسەر گرنگی پاراستنی ئاسایش و ئارامی کاتی هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەی کردەوە و بۆ ئەو مەبەستە بودجەی پێویستی تەرخانکردووە.

بەگوێرەی پلانی ئەمنی حکومەتی تورکیا، لە 14ـی ئایاری 2023ــدا 602 هەزار کارمەندی هێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی نزیکەی 195 هەزار سندوقی دەنگدان لە شار و ناوچەکانی تورکیا جێگیر دەکرێن.

هاوپەیمانی میللـەت: پارێزگاری لە دەنگەکان دەکەین

هاوپەمانی میللـەت بۆ پارێزگاری کردن لە دەنگی دەنگدەران و سندووقەکانی هەڵبژاردن، پلانێکی فراوانیان داڕشتووە، کە خۆی لە سێ قۆناغ دەبینێتەوە و بەرپرسێکی پارتی دەڤاش ئاماژە بەوە دەکات، سەرنجیان بۆ دوای هەڵبژاردنەکانە و دوو ملیۆن چاودێر تێێدا بەشداری دەکەن.

لەوبارەیەوە، ئیدریس شاهین، بەرپرسی کاروباری هەڵبژاردنەکانی پارتی دەڤا رایگەیاندووە، هاوپەیمانییەتەکەیان لە قۆناغەکانی پێش هەڵبژاردن، کاتی هەڵبژاردن و دوای هەڵبژادن هەموو رێوشوێنێکی پێویست دەگرنەبەر بۆ رێگریکردن لە دەستوەردان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و بۆ ئەو مەبەستەش لە سەرتاسەری تورکیادا، دوو ملیۆن چاودێریان دەبێت.

لە کاتێکدا، هاوپەیمانی کۆماری دەسەڵاتدا، ئاشکرایکردووە لە هەڵبژاردنەکانی ئایاری داهاتوو. نزیکەی سێ ملیۆن چاودێری دەبێت.

نیگەرانی ئۆپۆزیسیۆن لە پاراستنی دەنگەکانە

بەرپرسانی لایەنە زۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیا بە ئاشکرا نیگەرانی خۆیان لە پاراستنی دەنگەکان و دەستکارینەکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان راگەیاندووە، ئەم ترسەش تەنیا لای لایەنەکانی هاوپەیمانی میللـەت بە هاوپەیمانی شەشقۆڵی ناسراوە، دروست نەبووە، بەڵکو هەمان نیگەرانی لای هەدەپە و پارتی سەوزی چەپ هەیە.  

لەلایەن خۆیانەوە، بەرپرسانی هەدەپە باسیان لە مەترسی نەبوونی رێگەیەکی یاسایی کردووە، بۆ لێپرسینەوە لە پێکهاتەی دەستەی سەرپەرشتیارانی هەڵبژاردن و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ ساردنەکردنەوەی دەنگدەرانی خۆیان و بەشداری چالاکانەیان لە هەڵبژاردن، باس لە کۆدەنگییەک دەکرێت لەناو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، ئەگەر هاتوو، هەر سەرپێچی و هەوڵێک بەدی بکەن بۆ دەستوەردان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، ئەوە لەو رکابەرییکردنە دێنەدەرەوە و داننەنان بە ئەنجامی هەڵبژاردنیش ئەگەرێکی کراوە دەبێت.

تەقە لە ئیی پارتی دەکرێت

لە پێشهاتێکی نوێدا، لە ئیستانبوڵ تەقە لە بارەگای ئیی پارتی دەکرێت و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشیش دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.

رۆژی هەینی (31ـی ئادار/مارسی 2023)، ئیبراهیم ئۆزکان، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ئیی پارتی لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە تەقە لە بارەگای سەرەکی پارتەکەیان لە ئیستانبوڵ کراوە، بەبێ ئەوەی پەنجەی تۆمەت ئاراستەی هیچ لایەنێک بکات.

هەزار ئەندامی ئیی پارتی دەچنە ریزی ئاکپارتییەوە

لە رێورەسمێکدا، رۆژی چوارشەممەی رابردوو بە ئامادەبوونی رەجەب تەیب ئەردۆغان، پەیوەندیکردنی هەزار ئەندامی ئیی پارتی، کە یەکێکە لە لایەنە سەرەکییەکانی هاوپەیمانی میللـەت، جیابوونەوەی خۆیان لە پارتەکەیان و چوونە ریزی ئاکپارتی راگەیاند.

لەبارەی هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەیان لە ئیی پارتی، ئاماژەیان بەوەکردووە، بەهۆی کاندیدکردنی کەمال کلچدارئۆغڵو، لەلایەن هاوپەیمانی میللـەتەوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ هەدەپە و پشتگیریکردنی ئەو پارتە لەناوبراو، ناڕازین و دژی ئەو هەنگاوە دەوەستنەوە.

لە 14ـی ئایاردا 65 ملیۆن کەس دەنگدەدەن

لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتی و پەرلەمانییەکی 14ـی ئایاری تورکیا، 61 ملیۆن هاووڵاتی لە تورکیا و باکووری کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە و چوار ملیۆن هاووڵاتیش لە دەرەوەی تورکیا دەنگدەدەن.

هەروەها کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی تورکیا، 190 هەزار بنکەی دەنگدانی دیاریکردووە لە تەواوی شار و ناوچەکانی تورکیا و باکووری کوردستان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردەکان.

چوار کاندید رکابەری لەسەر چوونە کۆشکی چانکایە دەکەن

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بە فەرمی ژمارەی کاندیدانی بۆ هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆک کماری تورکیا راگەیاند، کە لە رۆژی 14ـی ئایاردا تەنیا ناو و وێنەی چوار کاندید لەسەر کارتی دەنگدان دەبێت.

هەریەکە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆماری دەسەڵاتدار، کەمال کلچدارئۆغڵوم کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت، سینان ئۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا و موحەرەم ئینجە، سەرۆکی پارتی مەملەکەت، رکابەری دەکەن لەسەر کورسی سەرۆک کۆماری تورکیا.

کاندیدانی پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا تا 13ـی ئایار/مایۆی داهاتوو دەتوانن بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن و ئەگەر لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن، کاندیدی براوە یەکلایی نەبووەوە، ئەوا لە 15 بۆ 27ـی ئایار/مایۆی 2023 جارێکی دیکە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەدەچێت کە لە 28ـی هەمان مانگ، بە رۆژی هەڵبژاردنی گەڕی دووەم دیاریکراوە.

سیستمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە تورکیا

پەرلەمانی تورکیا لە 600 کورسی پێکهاتووە کە بەسەر 87 بازنەی هەڵبژاردن لە 81 ویلایەتی ئەو وڵاتە دابەشبووە بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان.

زۆرترین کورسی هەڵبژاردن لە ئیستانبوڵە کە 98 کورسی لەخۆدەگرێت لە سێ بازنەی هەڵبژاردن، دوای ئەویش ئەنقەرە دێت کە لە سێ بازنەی هەڵبژاردن 36 کورسی پەرلەمانی هەیە، هەروەها هەریەکە لە ئەزمیر و بورسەش خاوەنی دوو بازنەی هەڵبژاردنن و بە سێیەم و چوارەم گەورەترین ویلایەتی تورکیا دادەنرێن.

بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی لە تورکیا پێویستە هەر پارتێکی سیاسی یان هاوپەیمانییەتی، زیاتر لە 300 کورسی لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەدەستبهێنێت. بۆ بەدەستهێنانی کورسی پەرلەمانیش، هەر پارت و هاوپەیەمانییەتێک پێویستە بەربەستی بەدەستهێنانی 7%ـی دەنگەکان ببڕێت، بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی ئەندام و فراکسیۆنی خۆی لە پەرلەمانی تورکیا.

14ـی ئایار هەڵبژاردنە لە تورکیا

رۆژی هه‌ینی (10ـی ئادار/مارسی 2023)، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌ كۆشكی كۆماری له‌ ئه‌نقه‌ره‌، واژووی له‌سه‌ر مه‌رسومی كۆماری بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ رۆژی (14ـی ئایار/مایۆی 2023) كرد.

پرۆسەی دەنگدان لە کاتژمێر هەشتی بەیانی دەستپێدەکات و لە کاتژمێر پێنجی ئێوارەی هەمان رۆژ کۆتاییدێت.

وابڕیار بوو رۆژی 18ـی حوزه‌یران/یۆنیۆی 2023، هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ توركیا ئه‌نجامبدرێن، سه‌باره‌ت به‌ گۆڕینی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش، ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد‌، ئه‌مه‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ نییه‌، به‌ڵكو ته‌نیا گۆڕینی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ و هۆكاره‌كه‌شی بۆ له‌به‌رچاوگرتنی واده‌ی تاقیكردنه‌وه‌كان له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندنی وڵاته‌كه‌ی گه‌ڕانده‌وه‌.