پاکستان: هێشتا ئەمریکا وەڵامی پێشنیازەکەی ئێرانی نەداوەتەوە
وەزیری دەرەوەی پاکستان، جەختی لەسەر پابەندبوونی ئیسلامئاباد بە درێژەدان بە هەوڵەکانی نێوەندگیری لەنێوان ئێران و ئەمریکا کردەوە، ئەوەش بە ئامانجی کۆتاییهێنان بەو دۆخە سەربازییەی لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە.
دووشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2026، محەمەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا روونیکردەوە، حکوومەتی پاکستان لە چاوەڕوانی وەڵامی واشنتندایە لەبارەی پێشنیازە نوێکەی ئێران، هاوکات جەختیکردەوە، ئەمریکا ئێستا هیچ وەڵامێکی فەرمی پێشنیازەکەی ئێرانی نەداوەتەوە.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، ئیسحاق دار لە دیدارێکدا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختیکردەوە، دیالۆگ تاکە رێگەی چارەسەرکردنی کێشەکان و پێشگیری لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکانە.
پێشنیازە هەموارکراوەکەی ئێران بریتییە لە گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کردنەوەی جارێکی دیکەی گەرووی هورمز لە ماوەی دوو رۆژدا، لەکاتێکدا پێشنیازە سەرەتاییەکەی پێشووتر حەوت رۆژ دیاریکردبوو.
ئێران پێشتر لە رێگەی نێوەندگیراوەکانەوە حەوت مەرج بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان و کردنەوەی گەرووی هورمز پێشکەشکردبوو. ئەو مەرجانە بریتین لە هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا، ئازادکردنی سەروەت و سامانە بەستەڵەکراوەکان، کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی و دابینکردنی قەرەبووی زیانەکانی جەنگ.
ئەمڕۆ دووشەممە، کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی "ئیکۆ" بە سەرۆکایەتیی محەمەد ئیسحاق دار، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی پاکستان دەستیپێکرد.
عەباس عێراقچی ئێوارەی یەکشەممە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی سیاسی و ئابووری گەیشتە ئیسلامئاباد و بڕیارە ئەمڕۆ لەو کۆبوونەوەیەدا وتارێک پێشکەش بکات.
لە کۆبوونەوەکەی ئیسلامئاباددا، وەزیرانی دەرەوەی تاجیکستان و تورکمانستان، لەگەڵ جێگری وەزیرانی دەرەوەی ئۆزبەکستان، کازاخستان، کۆماری ئازەربایجان و تورکیا بەشدارن.