ترەمپ: سەردانی چین دەکەم و ئەگەری کۆبوونەوەشم لەگەڵ پووتین و کیم جۆنگ ئون هەیە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، پێش بەجێهێشتنی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا زنجیرەیەک هەڵوێستی نوێی لەبارەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دۆسیەی ئێران، جەنگی ئۆکرانیا و ڕەوشی نێوخۆی ئەمەریکا خستە ڕوو.

ترەمپ ئاشکرای کرد کە ئامادەکاری دەکرێت بۆ زنجیرەیەک دیداری گرنگ لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان، لەوانە سەردانی چین و کۆبوونەوە لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی ئەو وڵاتە. هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەری زۆرە لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا و کیم جۆنگ ئون، ڕێبەری کۆریای باکووریش کۆببێتەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوە کرد کە پرسی داماڵینی چەکی ئەتۆمی و بازرگانی تەوەری سەرەکیی ئەو گفتوگۆیانە دەبن، هەرچەندە بە بابەتێکی قورس و ئاڵۆزی ناوبرد، بەڵام جەختی کردەوە کە دەرفەتێکی باش لەپێشە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی گەورە لەسەر ئاستی جیهان.

سەبارەت بە پرسی ئێران، ترەمپ بە کورتی ئاماژەی بەوە کرد کە دۆخی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران لە بارودۆخێکی زۆر باشدایە و لە کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا قسەی لەسەر دەکرێت.

لەبارەی جەنگی نێوان مۆسکۆ و کیێڤیش، سەرۆکی ئەمەریکا نیگەرانیی خۆی لە زیانە مرۆییەکان دەربڕی و ڕایگەیاند ئۆکرانیا ڕووبەڕووی پاشەکشە و زیانی گەورە بووەتەوە، بۆیە هەوڵەکان چڕ دەکرێنەوە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک تاوەکوو کۆتایی بەو جەنگە بهێنرێت.

سەبارەت بە کێشەی سیستەمی فڕۆکەوانیش، ترەمپ هۆکارەکەی بۆ کۆنیی کەرەستەکان و کەمتەرخەمیی ئیدارەی پێشوو گەڕاندەوە و جەختی کردەوە کە کار لەسەر نوێکردنەوەی تەواوی ژێرخانی تەکنیکی و کۆنترۆڵی ئاسمانی دەکەن تاوەکوو گەشتەکان بە تەواوی ئاسایی ببنەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئاشکرای کرد کە ئیدارەکەی بە شێوەیەکی جدی تاوتوێی خستنە نێو لیستی تیرۆری کۆمەڵی ئیخوان موسلمین بە هەموو لقەکانیەوە دەکات، هاوکات دەستخۆشی لە هەنگاوەکانی میسر کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کۆمەڵەیە و ڕایگەیاند؛ قاهیرە لەسەر داوای ئەو ڕێکاری توندی گرتووەتەبەر.

نودەکرێتەوە..