ئەردۆغان: بەیەکەوە سەردەمێکی نوێ بنیات دەنێین

سەرۆککۆماری تورکیا رایدەگەیەنێت، بە لووتکەکانی (COP-31) و ناتۆ بەردەوام دەبن لەسەر پەیامی وڵاتێکی بەهێز و جەخت دەکاتەوە، بە پێچەوانەی ئۆپۆزسیۆنەوە هیچ جیاوازییەک ناخەنە نێوان گەنجان و پێکەوە سەردەمی نوێ بونیاد دەنێن.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە لێدوانێکدا رایگەیاند، ئەمڕۆ لە جیهاندا ئیدی باس لە هەنگاوە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی تورکیا دەکرێت و گوتی: "بە لووتکەکانی (COP-31) و ناتۆ، ئێمە لەسەر پێگە و ئامانجی خۆمان بۆ وڵاتێکی بەهێز بەردەوامین؛ لە سیاسەتی ناوخۆییشدا، لە نێوان ئێمە و ئۆپۆزسیۆندا جیاوازییەکی قووڵ لە هزر و تێڕوانیندا هەیە".

ئەردۆغان رەخنەی لە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی گرت و ئاماژەی بەوە دا: "ئەوان گەنجان بەگوێرەی نەژاد، ئایدۆلۆژیا و شێوازی ژیان لە یەکتر جیا دەکەنەوە، بەڵام ئێمە هیچ جیاوازییەک ناخەینە نێوانیان".

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆ و هەنگاوەکانی داهاتووش، سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوە کرد، لە بوارەکانی ئابووری و دیموکراسیدا هێشتا رێگایان لەپێشە بیبڕن، بەڵام دووپاتی کردەوە کە "ئەمانە کێشەی بێچارەسەر نین".

لە کۆتایی قسەکانیشیدا ئەردۆغان گوتی: "پێشتر ئەم گەلەیان وەک تورک و کورد، عەلەوی و سوننە پارچە کرد؛ ئێستا سەردەمی نوێ پێکەوە بونیاد دەنێین".