تاڵیبان سێ بەریتانی دەستگیر دەکەن

K24 - هەولێر

رێکخراوی بریستیۆمی بەریتانی بڵاویکردەوە، بزوتنەوەی تاڵیبان سێ هاوڵاتی بەریتانی لە ئەفغانستان بە بارمتە گرتووە.

تۆڕی پرێسیدیۆم کە رێکخراوێکی ناحکومی بەریتانییە، رایگەیاند: تاڵیبان سێ بەریتانی لە ئەفغانستان دەستگیرکردووە کە لەگەڵ دوو خێزان کاردەکەن.

سکۆت ریچارد، ئەندامی رێکخراوی پرێسیدیۆم بە سکای نیوزی راگەیاندووە: "ئێمە پێمان وایە تەندروستیان باشە و مامەڵەیەکی باشیان لەگەڵدا دەکرێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە: "هیچ بەڵگەیەکمان نییە بۆ ئەوەی بڵێین مامەڵەیەکی خراپیان لەگەڵدا کراوە وەک ئەشکەنجەدان".

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیەندراوێکدا ئەوەیخستەڕوو، لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبان لە پەیوەندیدان بۆ ئازادکردنی ئەو سێ هاوڵاتییە بەریتانییە و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئازابوونیان بە سەلامەتی.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو سێ هاووڵاتییە بەریتانیا لە رێکخراوەکانی خێرخوازی لە ئەفغانستان کاریانکردووە.

ساڵی رابردوو، تاڵیبان ماوەی شەش مانگ رۆژنامەنووس پیتەر جۆفیناڵ و چوار هاووڵاتی بەریتانی دیکەی بە بارمتە گرت، لەوکاتەدا زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی حکومەتی تاڵیبان هاووڵاتییە بەریتانییەکانی بە ئەنجامدانی چالاکی نایاسایی تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، پێچەوانەی نەریتەکانی گەلی ئەفغانستان رەفتاریان کردووە.

گوتەبێژی حکومەتی تاڵیبان گوتیشی: دوای چەند کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ حکومەتی بەریتانیا، ئەو کەسانە ئازادکران و گەڕانەوە وڵاتەکەیان و بەڵێنایان دا، رێز لە یاسا و نەریتەکانی ئەفغانستان بگرن و هەڵەکانیان دووبارە نەکەنەوە.