راگەیەندراوی چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی گرژییەکانی جورف سەخر

چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان لە بەغدا، بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق 301ەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد و دۆخی سیاسی و ئەمنی و دۆسیەی بودجەی گشتیی تاوتوێ کرد،

بەگوێرەی راگەیەندراوی فەرمانگەی راگەیاندنی چوارچێوەی هەماهەنگی، کۆبوونەوەکە ئێوارەی دووشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2026، لە نووسینگەی د. هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق و بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێوەچووە.

لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربووان باسیان لە کۆی پێشهاتە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە و گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان و لێکەوتەکانیان کردووە. هاوکات دۆسیەی بودجەی گشتی و رێگەکانی چەسپاندنی سەقامگیریی ئابووری و دابینکردنی پێداویستییەکانی قۆناخەکە گفتوگۆیان لەسەر کراوە، لەپاڵ تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی پەرەپێدانی کاری لیژنە ناوخۆییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگیی هاوبەش.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوە فەرمییەکە، چوارچێوەی هەماهەنگی پێشوازیی لە شاندێکی پارێزگای سلێمانی کردووە  لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی پرسە نیشتمانییەکانی ئێستا ئاڵوگۆڕ کراوە و جەختیش لە گرنگیی بەردەوامیدان بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی هاوبەش کراوەتەوە لە پێناو بەهێزکردنی سەقامگیریی سیاسی و خزمەتکردنی بەرژەوەندیی تەواوی گەلی عێراق.