رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کرا
K24 - هەولێر:
ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 رەوانەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کرا و سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقیش داوادەکات پەلە بکرێت لە تاوتوێکردنی پڕۆژەیاساکە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی نیسانی 2023، نووسینگەی راگەیاندنی موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردووەتەوە: موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025ـی رەوانەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، مەندەلاوی داوایکردووە پەلە بکرێت لە تاوتوێکردن و دیراسەتکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاساکە، "بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا بخرێتە نێو بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمانەوە".
رۆژی دووشەممە 13ـی ئاداری 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە میانی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، رەزامەندی لەسەر پرۆژەیاساکانی بودجەی گشتی فیدراڵیی بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 نیشان دا.
پرۆژەیاساکانی بودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە، رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران کرا.
رۆژی سێشەممە 14ـی ئاداری 2023، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی فەرمی عێراق رایگەیاند: "کورتهێنان لە بودجەی گشتیی ئەمساڵدا، دەگاتە 63 ترلیۆن دینار كه لە سەرچاوەی دیکەوە پڕ دەکرێتەوە لەوانە، ئەو بڕە پارەیەی كه لە وەزارەتی دارایی لە پشکی خولاوی گەنجینە لە بانکی ناوەندیی، قەواڵە و قەرزی ناوخۆ کۆکراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە بودجەی گشتیی ئەمساڵدا، نرخی فرۆشتنی یەک بەرمیل نەوت بە 70 دۆلار دیاریی کراوە و گوتی: "لە بودجەی گشتیی ئەمساڵدا، بڕی نەوتی هەناردەکراو، رۆژانە بە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل دیاریی کراوە؛ لەو ژمارەیە 400 هەزار بەرمیل لەڕێگهی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرێت".
باسی لەوەش کردووە، داهاتی فرۆشتنی نەوت لە بودجەی گشتییدا، بە 117 تریلیۆن و 252 ملیار دینار خەملێنراوە و داهاتی نا نەوتیش، 17 تریلیۆن و 301 ملیار دینارە.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، کۆی خەرجییە پێشنازکراوەکان، 197 تریلیۆن و 828 ملیار دینارە، خەرجی پرۆژەکانی وەبەرهێنان 47 تریلیۆن و 555 ملیار دینارە.