چارەنووسی هەزاران منداڵی چەکدارە بیانییەکان لە سووریا ناڕوونە
سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە 14 ساڵ بەسەر شەڕی سووریادا، هێشتا چارەنووسی هەزاران منداڵی باوک بیانی، کە بەشێکیان منداڵی چەکدارانی داعشن، بە نادیاری ماوەتەوە و لە دۆخێکی مرۆیی سەخت و نایاساییدا دەژین.
پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، دوای زیاتر لە 14 ساڵ لە شەڕ و ململانێ لە سووریا، هێشتا چارەنووسی هەزاران منداڵ کە لە کاتی شەڕدا لەدایک بوون و باوکیان بیانییە، لەنێویاندا چەکدارانی رێکخراوی داعش، ناڕوونە. ئەو منداڵانە لە شاری باب و زۆرێک لە شارەکانی دیکەی باکووری سووریا، لە رەوشێکی مرۆیی خراپ و نایاساییدا ژیان بەسەر دەبەن.
چیرۆکی دایکێک و کێشەی خوێندن دایکی محەمەد، کە هاوسەرگیریی لەگەڵ چەکدارانی بیانی کردووە، دەربارەی ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی منداڵەکانی دەبێتەوە دەڵێت: "هاوسەرگیریم لەگەڵ چەکدارێکی عێراقی کرد و کچێکم لێی بوو، دواتر هاوسەرەکەم کوژرا؛ پاشان هاوسەرگیریم لەگەڵ چەکدارێکی چینی کرد و لەویش کچێکم بوو."
ئەو دایکە ئاماژەی بەوەش کرد: "گەورەترین ئاستەنگ کە رووبەڕووی دەبمەوە بابەتی قوتابخانەیە. من هێشتا ئەوانم تۆمار نەکردووە چونکە هیچ بەڵگەنامەیەکیان نییە؛ چەند جارێک هەوڵمدا ناویان تۆمار بکەم، بەڵام پێیان گوتم ئەوانە بیانین و تۆمار ناکرێن. لەگەڵ خێزانی هاوسەرەکانیشم زۆر هەوڵمدا، بەڵام بێ ئەنجام بوو."
ئاستەنگە یاساییەکان و نەبوونی بەڵگەنامە ئەو رێکخراوە هاوئاهەنگیکارانەی بەدواداچوون بۆ دۆخی ئەو منداڵانە دەکەن، جەخت دەکەنەوە کە لە کۆکردنەوەی بەڵگەنامە و وەرگرتنی زانیاریی پێویست دەربارەی ئەو منداڵانە بەردەوامن، بەڵام لە دۆسیەی زۆربەیاندا هیچ پێشکەوتنێکی نوێ بەدی نایەت، چونکە بەڵگەنامەی پێویست بەردەست نین تا ناویان تۆمار بکرێت و مافەکانیان مسۆگەر بکرێت.
لای خۆیەوە، هیام حاج عەلی، رێکخەری رێکخراوی "سووریا ستێپس" رایگەیاند: "ئێمە رووبەڕووی هەندێک حاڵەت دەبینەوە کە ژنەکان نازانن ناوی راستەقینەی باوکی منداڵەکانیان چییە، هەندێک ژنیش هەن تەنیا بەڵگەیەک کە پێیان بێت، کاغەزێکی کۆپیکراوە کە خێزانی هاوسەرەکانیان بۆیان ناردوون."
هیام حاج عەلی گوتیشی: "ئەمانە هەموویان کێشەمان بۆ دروست دەکەن و وا دەکەن پەڕاوەکانیان کاتێکی درێژ بخایەنێت، بۆیە پێویستی بە هەوڵی هەموو لایەنەکان هەیە، لەنێویشیاندا وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و دادگەکان."
پێشنیازی هەموارکردنەوەی یاسای رەگەزنامە سووریا یەکێکە لەو 25 وڵاتەی جیهان کە دەستوورەکەی رێگە بە ژنانی سووریا نادات رەگەزنامەی خۆیان ببەخشنە منداڵەکانیان. لە ئێستادا لیژنەیەکی وەزاریی سووریا تاوتوێی پێشنیازی هەموارکردنەوەی یاسای رەگەزنامەی ساڵی 1969 دەکات، بە مەبەستی بەخشینی رەگەزنامەی سووری بە هەزاران منداڵی ئەو ژنە سوورییانەی هاوسەرگیرییان لەگەڵ هاووڵاتییانی بیانی کردووە، کە چەکدارانی توندڕەوی داعشیشیان تێدایە؛ بەڵام تا ئێستا ئەو پێشنیازە لەلایەن پەرلەمانی سووریاوە پەسەند نەکراوە.