دانیشتووانی کۆبانێ بۆ باشووری کوردستان: هەموومان پشتیوانتانین

دانیشتووانی شاری کۆبانێ، ئەمڕۆ لە رێپێوانێکدا پشتیوانی و هاوسۆزیی خۆیان بۆ باشووری کوردستان دەربڕی و جەختیان کردەوە کە هەموویان لە پاڵ رۆڵەکانی گەلەکەیاندا لە باشووری کوردستان دەوەستنەوە.

پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، دانیشتووانی شاری کۆبانێ ئەمڕۆ ڕێپێوانێکیان ئەنجام دا، وەک گوزارشتێک لە پشتیوانی و هاوسۆزییان بۆ باشووری کوردستان و راگەیاندنی هەڵوێستی خۆیان لە پاڵ خەڵکەکەیدا.

لە رێپێوانەکە، درووشمی 'بژی یەکێتیی گەلی کورد' بەرز کرابووەوە؛ دوای کۆتاییهاتنی رێپێوانەکەش، بەشداربووان لە گۆڕەپانی ئاشتی کۆبوونەوە و دروشمی 'یەکە یەکە، گەلی کورد یەکە'ـیان گوتەوە.

گیلۆ عیسا بە ناوی دانیشتووانی کۆبانێوە گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: "لە ناوەندی شاری بەرخودانی کۆبانێوە، ئێمە هەموومان لە پشت گەلەکەمانین لە باشووری کوردستان. ئەمڕۆ رۆژی یەکڕیزییە و دەبێت کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا یەک بگرن و پێکەوە لە بەرامبەر هەر هێرشێکدا بووەستنەوە."

هاوکات ەیامێکیشی ئاراستەی حکوومەتی عێراق کرد و تێیدا گوتی: ئێوە لە حکوومەتێکی فیدراڵیدان و، باشووری کوردستانیش بەشێکە لە فیدراڵیی عێراق. کێشە هەن و ئەو کێشانەش لە رێگەی گفتوگۆوە چارە دەکرێن، نەک لە رێگەی هەڕەشە و چاوتێبڕینی ئەوەی هی ئێوە نییە.