لە ماوەی دوو ساڵدا بولگاریا پێنجەم هەڵبژاردن ئەنجام دەدات

K24 - هەولێر
ئەمڕۆ یەکشەممە لە پێنجەمین هەڵبژاردندا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، دەنگدانی خەڵکی بولگاریا بۆ پەرلەمانی نوێ دەستی پێکرد.
پرۆسەی دەنگدان بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی بولگاریا، لە ژێر رۆشنایی پەرەسەندنی ناڕەزایی بەرامبەر پارتە سیاسییەکان ئەنجام دەدرێت، کە زۆرێک ئیرادەی خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی نابینن، راپرسییەکانیش دەریدەخەن کە پێدەچێت جارێکی دیکە خەڵکێکی زۆر نەچێتە دەنگدان.
راپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پارتی پارێزگاران "هاووڵاتیان بۆ گەشەپێدانی ئەوروپی بۆ بولگاریا" بە سەرۆکایەتی بۆیکۆ بۆریسۆڤ 63 ساڵ و لیبراڵەکانی "با بەردەوام بین لە گۆڕانکارییەکان" بە سەرۆکایەتی کیریل پێتکۆڤ 42 ساڵ ، یەکسان دەبن لە 25 یان 26%.
پارتی "با بەردەوام بین لە گۆڕانکاری" کە بازرگانێکی پێشوو سەرۆکایەتی دەکات، ئەمجارەیان لیستێکی هاوبەش لەگەڵ هاوپەیمانی راستڕەوی "بولگاریای دیموکراتی" دەخاتە روو، بەڵام ئەگەر سەربکەون، ئەستەمە هاوپەیمانییەک پێکبهێنن، چونکە شەڕی رووسیا دژی ئۆکرانیا دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە بە خراپترکردنی جیاوازییەکانی نێوان چینی سیاسی.
وێستگەکانی دەنگدان لە کاتژمێر 7:00ی بەیانی بەکاتی ئەوروپا کرانەوە، پێشبینی دەکرێت یەکەم ئنجامە سەرەتاییەکان لە دەوروبەری کاتژمێر 8:00ی شەو بڵاوبکرێتەوە.
لە هاوینی 2020 خۆپیشاندانەکانی دژە گەندەڵی سەریهەڵدا، لەم وڵاتە کە هەژارترین وڵاتی یەکێتی ئەوروپایە و لە ئێستادا لە قەیرانەکاندا نوقم بووە.
رووبەڕووبوونەوەی لایەنە جیاوازەکانی بولگاریا لە دوای رووخانی بۆیکۆ بۆریسۆڤە، سەرۆکوەزیرانی پێشووی پارتی پارێزگاران، ئەستەمە بتوانن بگەینە بنیاتنانی هاوپەیمانی لە وڵات.