حەیدەر عەبادی وردەکارییەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر ئاشکرادەکات
سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق: قاسم سولەیمانی سەردانی سلێمانی کرد و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی هەماهەنگیمان هەبوو
K24 - هەولێر:
حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق لەبارەی وردەکارییەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر لە هەڤپەیڤینێکدا چەند بابەتێکی وروژاند، لەوانە سەردانیکردنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس بۆ شاری سلێمانی و هەماهەنگیکردنیان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی.
سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی فورات، باسی لەوەکرد، کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەیە، گوتیشی: ئەو ئۆپراسیۆنە سەربازییەی کە لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017دا روویدا، تەنیا من بووم کە لە هەموو وردەکارییەکان، چ کاتژمێری سفر و جووڵە و هەموو وردەکارییەکانی دیکە ئاگادارکرامەوە".
حەیدەر عەبادی رایگەیاند، چەند رۆژێک پێش رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، قاسم سولەیمانی بۆ سەردانی سلێمانی داوای مۆڵەتی کرد، هەرچەندە حەیدەر عەبادی پێی راگەیاندبوو، کە پێویست ناکات بچێتە ئەوێ، بەڵام سولەیمانی گوتوویەتی: بەمەبەستی سەرەخۆشیکردن لە بنەماڵەی تاڵەبانی بەبۆنەی کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق، سەردانی سلێمانی دەکات.
سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق ئاشکراشیکرد، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس چووە سلێمانی و لەگەڵ سەرکردەکانی یەکێتی کۆبووەوە.
حەیدەر عەبادی ئاماژەی بەوەشدا، کە ئەوەی لە 16ـی ئۆکتۆبەر لە کەرکووک روویدا بە هەماهەنگی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی بووە، گوتیشی: بۆمان دەرکەوت ئەم لایەنە نایەوێت خوێن بڕژێت، لایەنی دیکەش هەبوون کە ئامادەی شەڕ بوون.
سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق جەختی کردەوە لەوەی، کە پەیوەندی لەگەڵ هێزەکانی یەکێتی هەبووە و هەندێکیان لە سەرکردەکانی خۆیان زیاتر، متامەنەیان بە سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق هەبووە.
رۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، گرووپێکی ناو یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، لەگەڵ گرووپە ملیشیاکانی عێراق دژی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان رێککەوتن و بووە هۆی پەلاماردانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لەو رۆژەدا شاری کەرکووک و خورماتوو و خانەقین و رووبەرێکی بەرفراوانی کوردستان لەلایەن گرووپە میلیشیاکان و بە پشتیوانی لایەنی دەرەکی دەستیان بەسەردا گیرا.