لە پارێزگای دهۆک مەترسی وشکەساڵی نەماوە

K24 – دهۆك:
رێژەی بارنبارینی ئەمساڵی شاری دهۆک مەترسی وشکەساڵی لە ناوچەکەدا نەهێشتووە، لەکاتێکدا ساڵانی پێشوو بەهۆی وشکەساڵییەوە جووتیاران زەرەرمەند بوون، بەڵام ئەمساڵ دووبارە هیوایان بۆ گەڕاوەتەوە.
عادل عەبدی، جووتیارێکی شاری دهۆکە، بەهۆی کەمی بارانبارینی ساڵی پێشوو زەرەرمەند ببوو، ئەمساڵیش پێشبینی هەمان بارودخۆی دەکرد، بۆ کوردستان24 گوتی، ئەم ساڵ رێژەکی کەم لەزەویەکانمان بە گەنم چاندووە، چونکە ترسمان هەبوو وەک ساڵی پار ئەمساڵیش وشکەساڵی بێت، بەڵام سوپاس بۆ خودا بارانی ئەم ماوەیە مەترسی وشکەساڵی نەهێشت، زەوییە کشتوکاڵییەکان دووبارە ئاوەدان بوونەوە.
لەم بارەیەوە موسڵح حەسەن، جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک، بۆ کوردستان24 گوتی:"ئەمساڵ نزیکەی 420 مللەیمەتر باران باریووە، هەروەها مەترسی لەسەر بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ نەماوە، ئەگەر لەو مانگەشدا رێژەکی دیکەی باران ببارێت بەرهەمەکە زیاتر و باشتر دەبێت".
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی شاری دهۆک، ئەمساڵ لە پارێزگای دهۆك 842.000 دۆنم گەنم لە زەوییە کشتوکاڵییەکان چێندراوە، هەروەها 663.000 دۆنم لە زەوییەکان پشت دەبەستێ بە ئاوی باران.