شارەوانی بەغدا: قەرەباڵغیەکی کوشندە لە پایتەختی عێراق هەیە
K24- هەولێر
سەرۆکی شارەوانی بەغدا رایگەیاند، شارەکە پێویستی بە هەوڵی هاوبەش هەیە بۆ پێشخستنی پلانی فراوانکردن و دروستکردنی رێگەی نوێ.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ی ئاداری 2023، عەمار موسا، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیەی راگەیاند: قەرەباڵغیەکی کوشندە لە بەغدا هەیە، کە بووەتە مایەی بێزاری بۆ ئەو هاووڵاتییانەی دەچنە سەر کاری رۆژانەیان.
موسا ئاماژەی بەوەشکرد: "لە مانگی رابردوودا سەرۆکوەزیرانی عێراق 19 پڕۆژەی راگەیاند، یەکەم پاکێجی ئەو پڕۆژانەش ئامانجی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی هاتوچۆیە لە بەغدا، کە لە ئێستادا دەستیپێکردووە".
سەرۆکی شارەوانی بەغدا روونیشیکردەوە: "پڕۆژەکان بریتییە لە دوو پرد کە رۆژهەڵات و رۆژئاوای شارەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەمە جگە لە پردێکی گرنگ لە یەکتربڕینی شارەوانییەکانی نەمامگە".
جەختی لەوەشکردەوە، "بەغدا پێویستی بە کاری گەورە و چڕوهەوڵی یەکگرتووی سەرجەم وەزیرەکان هەیە لەپێناو بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزاری و شارستانیەتی پایتەخت".
لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: "ئەرکەکانی شارەوانی بەغدا بریتین لە پەرەپێدانی رێگا نوێیەکان و فراوانکردنیان، هەروەها هەڵمەتێکی گەورە بۆ فراوانکردن و نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان دەستیپێکردووە".