ئیسرائیل بە مووشەک هێرشی کردە سەر کەرتی غەززە

کەرتی غەززە
کەرتی غەززە

K24 - هەولێر

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل دوو موشەکیان ئاراستەی کەرتی غەززە کردووە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.

ئاژانسی هەواڵی "DPA"ی ئەڵمانی، لە زاری سەرچاوە فەلەستینییەکانەوە رایگەیاندووە، ئیسرائیل بە دوو موشەک هێرشی کردووەتە سەر گروپێکی چەکدار، لە ناوەراستی کەرتی غەززە، بەو هۆیەوە تەنها زیانی ماددی بەر شوێنەکە کەوتووە و زیانی گیانی نەبووە.

چەند کاتژمێرێک پێشتر سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو، دوو موشەک لە کەرتی غەززەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراون، کە یەکێکیان کەوتۆتە ناو کەرتی زەوی ئیسرائیل و دووەمیان لە سەر سنوور کەوتووەتە خوارەوە.

دوێنێش سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو، نۆ موشەک ئاراستەی باشووری ئیسرائیل کراوە، بەبێ ئەوەی هیچ بریندار و زیانێکی لێبکەوتبێتەوە، تاوەکو ئێستاش هیچ لایەنێکی فەلەستینی بەرپرسیارێتی خۆی لەو بارەوە رانەگەیاندووە.

ئەم مووشەک بارانکردنەی یەکتر، لە دوای ئەو گرژییانەی مزگەوتی ئەقساوە هات، کە پۆلیسی ئیسرائیل هێرشی کردبووە سەر نوێژخوێنان و 350 کەسی دەستگیرکرد.

هەر رۆژی جوارشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە چەند مووشەکێک، دوو شوێنی سەر بە لیواکانی ئەلقەسام باڵی سەربازی حەماسیان، لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە کردە ئامانج، بەڵام تەنها زیانی ماددیان لێکەوتەوە.

سەرۆکایەتی فەڵەستین ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی کە بەردەوامە لە "تێکدانی پیرۆزییەکان و دروستکردنی کەشوهەوایەکی  گرژ و ناسەقامگیر و نائارام" .