گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سعوودیە و ئێران دەست پێدەکەنەوە

وەزیرانی دەرەوەی سعوودیە و ئێران لە چین کۆبوونەوە

.
.

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزیرانی دەرەوەی سعوودیە و ئێران لە چین کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا، رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندیە دیپلۆماسیەکانیان و کردنەوەی باڵیۆزخانەکانیان و گەشتە ئاسمانییەکان و ئاسانکاری بۆ پێدانی ڤیزە بە هاووڵاتیان، هەروەها دەستپێکردنەوەی سەردانی هاوبەشی بەرپرسان و نوێنەرانی کەرتی تایبەت نێوان هەردوولا.

کەناڵی هەواڵی فەرمی سعوودیە رایگەیاند: وەزیرانی دەرەوەی سعوودیە و ئێران لە چین کۆبوونەوە، ئەمەش  دوای رێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات دێت بە نێوەندگیری پەکین.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوکراوەتەوە، شازادە فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعود، وەزیری دەرەوەی سعوودیە و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان هاوتا ئێرانییەکەی پێش کۆبوونەوەکەیان سڵاویان لە یەکتر کردووە.

دوای چەندین ساڵ لە ناکۆکی ریاز و تاران رێککەوتن لەسەر کۆتاییهێنان بە کێشە دیپلۆماسیەکانیان و کردنەوەی باڵیۆزخانەکانیان، هەروەها رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان و ئاسانکاری بۆ پێدانی ڤیزە بە هاووڵاتیان و دەستپێکردنەوەی سەردانی هاوبەشی بەرپرسان و نوێنەرانی کەرتی تایبەت، ئەمەش بەر لە مانگێک روویدا بەنێوەند گیری چین.

سعوودیە لە ساڵی 2016 پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران پچڕاند، دوای ئەوەی هێرشی کردە سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە تاران، ئەمەش لەکاتێکدایە ناکۆکی نێوان هەردوو وڵات لەسەر لەسێدارەدانی پیاوێکی ئایینی شیعە لە سعوودیە دروستبوو، پاشان ریاز داوای لە دیپلۆماتکارانی ئێرانی کرد لە ماوەی 48 کاتژمێردا بڕۆن و ستافی باڵیۆزخانەکە چۆڵ بکەن.