ناکۆکیەکانی بودجە دەبێتە مەترسی لەسەر حکومەتەکەی سوودانی

.
.

K24 - هەولێر

پێدەچێت پەسەندکردنی بودجەی عێراق دوابکەوێت، تاوەکو ناکۆکیەکانی نێوان لایەنە سوننە و شیعەکان سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە سیاسییە جێ بەجێ بکرێت، کە بووە هۆی پێکهێنانی حکومەتی محەممەد شیاع سوودانی.

رێککەوتنەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە لەگەڵ لایەنە سوننەکان، یەکلاییکردنەوەی دۆسیە مشتومڕاوییەکانی لەخۆگرتووە، وەک بودجە وهەموارکردنەوەی یاساکان، دیارترینیان لێبوردنی گشتی و لێپرسینەوە و دادپەروەری، هەروەها هاوسەنگی لە دامودەزگاکانی حکومەتدا.

لە هەفتەکانی یەکەمی تەمەنی حکومەتدا، هەر رێککەوتنێکی سیاسی لە غیابی سەرۆکی رەوتی سەدردا کرابێت، لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە، ئەوە ئەولایەنە ناچار بووە سەقفی داواکارییەکان بەرز بکاتەوە، ئەمەش بەهۆی متمانەوە بووە.

 بە گوتەی سەرکردە سیاسییەکان، ئەو بودجەیە، کە پەرلەمان هەوڵی یاسادانانی دەدات، لەم رۆژانەدا، هەڕەشەی داڕمانی رێککەوتنەکەی لەسەرە، بەتایبەتی دوای ئەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەنگاویان ناوە بۆ پێداچوونەوە بۆ کەمکردنەوەی سەقفی ئەو داواکارییانەی لەسەری رێککەوتوون لەگەڵ پارتی تەقەدوم، کە محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتی دەکات.

بەگوێرەی زانیارییەکان، مالیکی و عامری پێیان وایە کە رێککەوتنە سیاسییەکە ئیمتیازاتی گەورەی بە هێزە سوننەکان داوە، هەروەها کاتی کەمکردنەوەی ئەو ئیمتیازاتانە هاتووە، پێش ئەوەی بودجە پەسەند بکرێت.

نوێنەرانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە بۆ شەرق ولئەوسەت دووپاتیان کردەوە: ناکۆکییەکانی پەیوەست بە بودجە رێککەوتنی سیاسی ناگرێتەوە،  لە چوارچێوەی تەکنیکیدا دەمێنێتەوە کە بتوانرێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

سەرچاوە تایبەتەکان باس لەوە دەکەن، قەیس خەزعەلی، سەرۆکی بزووتنەوەی عەسایب ئەهل و حەق، پەیامێکی لە تارانەوە پێگەیشت کە هۆشدارییەکی لەخۆگرتبوو لە لێدانی هاوبەشەکان بەتایبەت لەم کاتە هەستیارەدا، چونکە ناوچەکە پێویستی بە ئارامییەکی زۆر هەیە.

پارتی تەقەدوم ترسی ئەوەی هەیە کە پڕۆژە ستراتیژییەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارە ئازادکراوەکان پەک بخرێن، ئەمەش لە ئەنجامی دەستکاریکردنی پشکەکەی لە بودجەی داراییدا، کە لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی وەک مەرجێک بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی سوودانی رێککەوتنی لەسەر کراوە.

نوێنەرانی پارتی تەقەدوم رایانگەیاند: کەشوهەوای سیاسی عێراق پەیوەست بە بودجەی فیدراڵی متمانەی بە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە لێکەوتەوە، بەڵام  پاشگەزبوونەوە لە رێککەوتنەکە دەرگایەکی مەترسیدار دەکاتەوە.

لەلایەکی تر خواستی لایەنە شیعەکانی دیکە بۆ هەموارکردنەوەی مەرجەکانی رێککەوتنی حکومەت لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەدا یەکدەنگ نییە، چونکە ترسیان لەو ناهاوسەنگییە هەیە کە حکومەتی سوودانی پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەکی درێژتر بمێنێتەوە.