بەشار ئەسەد: عێراق خاوەن پێگەیەکی مێژووییە لە ناوچەکەدا

K24 -  هەولێر:

سەرۆکی سووریا ئاماژە بەوە دەکات سەقامگیری ئێستای سیاسی و ئەمنی عێراق رەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت بەسەر رۆڵی ئەو وڵاتە بۆ قۆناغی داهاتوو و لەسەر ئاستی هەرێمیدا، بەتایبەتی کە عێراق خاوەن پێگەیەکی مێژوویی و جوگرافییە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (6ـی نیسان/ ئێپڕڵی 2023) عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی لە عێراق سەردانی سووریای کرد و لەلایەن بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریاوە پێشوازی لێکرا.

لە دیداری نێوانیاندا ئەسەد رایگەیاند، "سووریا وەک دووانە دەڕوانێتە عێراق نەک وەک برا". گوتیشی، عێراق خاوەن قورساییەکی جەوهەرییە لە ناوچەکەدا، هەر ئەمەش وایکردووە رۆڵەکەی بەسەر هەردوو بواری سیاسی و ئابووری هەرێمی رەنگ بداتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا، هەریەک لە ئەسەد و حەکیم لە بەشێکی کۆبوونەوە و دیداری نێوانیاندا تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ و پێشکەوتنە سیاسییەکانیان لەسەر ئاستی ناوچەکە و گۆڕانە نێودەوڵەتییەکان کردووە، کە رەنگدانەوەی بەسەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت.

راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆماری سووریا باسی لەوە کردووە، عەمار حەکیم لەلای خۆیەوە بە پێویستی زانیوە بەغدا و دیمەشق پەیوەندی و هاوکارییەکانی نێوانیان بەتایبەتی لە بواری سیاسیی و ئابووریی بەهێز بکەن.