نەتەوە یەکگرتووەکان: لوبنان و ئیسرائیل خوازیاری شەڕکردن نین

ئاڵای ئیسرائیل و لوبنان
ئاڵای ئیسرائیل و لوبنان

K24 - هەولێر:

هێزی ئاشتیپارێز سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNIFIL) کە لەسەر سنووری لوبنان و ئیسرائیل لە ئەرکدایە، سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان رایگەیاند، هەردوو وڵات خوازیاری شەڕکردن نین.

دوای ئەو گرژییانەی کە لەگەڵ هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، لەسەر سنووری لوبنان و ئیسرائیل هاتنە ئاراوە، هێزی ئاشتیپارێز سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا کە ئاماژە بە بۆچوونەکانی فەرماندەی (UNIFIL) ئارۆڵدۆ لازارۆ دراوە، هاتووە لە ئەنجامی گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی هەردوو وڵات، "ئیسرائیل و لوبنان رایانگەیاند کە خوازیاری شەڕکردن نین".

هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەو جموجۆڵانەی لە 24 کاتژمێری رابردوودا ئەنجام دراون مەترسیدارن، داوا لە گشت لایەنەکان دەکەین تەواوی چالاکییەکانیان بە درێژایی هێڵی شین رابگرن".

- چی روویدا؟

پۆلیسی ئیسرائیل له‌رێگه‌ی به‌كارهێنانی هێزه‌وه‌ دوو شه‌و له‌سه‌ریه‌ک به‌ره‌نگاری موسڵمانانی نێو مزگه‌وتی ئه‌قسا ببووەوه‌، ئه‌مه‌ش بووە هۆی هه‌ڵكشانی گرژییه‌كان له‌ خۆرهه‌ڵاتی قودسی داگیركراو و زنجیره‌یه‌ك رووداوی به‌دوادا هات.

سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو، زنجیرەیەک مووشەک لە خاکی لوبنانەوە ئاراستەی ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل کراوە و زەنگی ئاگادارکردنەوە لەو ناوچانەدا چالاک کراوە.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل بڵاویكردەوه‌ كه‌ له‌ هێرشه‌كه‌دا 34 مووشه‌ک ئاراستەکراون. هه‌ر ئێواره‌ی دوێنێ سوپای ئیسرائیل بڵاویكرده‌وه‌ له‌ لوبنانه‌وه‌ سێ هاوه‌ن ئاراسته‌ی باكووری ئیسرائیل كراوه‌.

لە راگەیەندراوێكدا کە لەلایه‌ن ئەستێرەی سووری داوودەوە بڵاوکرابوویه‌وە، ئاماژە بەوە کرابوو، لەدوای رووداوەکەوه‌ تیمە تەندروستییەکان کەوتوونەتە ئامادەباشیی ته‌واوه‌تییه‌وه‌ و هاوکاری ئەو کەسانەیان کردووە کە لە هێرشەکەدا برینداربوون.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل بزووتنەوەی حه‌ماسی فەڵەستینی به‌ به‌رپرسیار له‌ هێرشه‌كان كه‌ به‌ زنجیره‌ مووشه‌كێك له‌ لوبنانه‌وه‌ ئه‌نجامدرابوون، له‌ قه‌ڵه‌مدا.