پێنتاگۆن لێکۆڵینەوە لە دزەکردنی ژمارەیەک بەڵگەنامەی تایبەت بە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا دەکات

K24 - هەولێر:

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی دەڵێت، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) لێکۆڵینەوە لە دزەکردنی ژمارەیەک بەڵگەنامەی تایبەت بە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا دەکات. 

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە بۆ دیاریکردنی هۆکاری دزەکردنی ژمارەیەک بەڵگەنامەی ستراتیژی تایبەت بە هاوکارییەکانی ئەمەریکا و ناتۆ بۆ ئۆکرانیا و بڵاوبوونەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

لەوبارەیەوە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بڵاویکردەوە، دەست بە لێکۆڵینەوە لە دزەکردنی ئەو بەڵگەنامانە بۆ ناۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن.

مێژووی بەڵگەنامەکان دەگەڕێنەوە بۆ مانگی سێی ئەمساڵ و تیایدا باس لە رێکارەکانی ناردنی موشەکی هایمارس بۆ ئۆکرانیا دەکات.

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ پێنجشەممە 6ـی نیسانی 2023، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئۆکرانیا 40 هەزار سەربازی کۆکردووەتەوە و ئامادەکاری بۆ دژە هێرش بۆسەر رووسیا دەکات.

لە راپۆرتێکدا ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکراشیکردووە، یەکە سەربازییەکانی ئۆکرانیا سوودیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەرگرتووە بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین خۆبەخش بۆ سوپا.

بەپێی راپۆرتەکەی رۆیتەرز، ئۆکرانیا پلانی هەیە لەچەند هەفتە و مانگی داهاتوودا لەرۆژهەڵاتی وڵاتەکەی هێرشی پێچەوانە بۆسەر رووسیا دەستپێبکات.

هاوکات، وەزیری ناوخۆی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەدا، هێشتا وڵاتەکەی توانای سەربازی و مرۆیی باشی هەیە.

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.