حوسیەکان: لەگەڵ سعوودیە گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتن بۆ راگڕتنی شەڕ لە یەمەن

.
.

K24 - هەولێر

ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەنساروڵڵا لە یەمەن، رایگەیاند، حوسییەکان لەگەڵ سعوودیە گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن بۆ وەستاندنی شەڕ لە یەمەن.

محەممەد ئەلبوخەیتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەنساروڵڵا لە یەمەن، بە کەناڵی "مەیادین"ی راگەیاند: لێکتێگەیشتن لەنێوان سەنعا و ریازدا کراوە و تا ئێستاش چاوەڕێی سعوودیە دەکەین کە ئەو لێکتێگەیشتنە جێبەجێ بکات.

ئەلبوخەیتی رەتیکردەوە بچێتە ناو وردەکارییەکان، بەڵام ئاماژەی بەوەدا، کە لێکتێگەیشتنی نێوان سەنعا و ریاز، هەموو دۆسیەکانی لەخۆگرتووە، جا دۆسیەی ئاگربەست بێت یان گەیشتن بە ئاشتی هەمەلایەنە و هەمیشەیی، کە ئەمە لە بەرژەوەندی هەردوولادایە.

ئەلبوخەیتی گوتیشی: لێکتێگەیشتنەکان و چارەسەری هەمەلایەنە لە دوو قۆناغدا دەبێت، یەکەمیان پێش جەژنی رەمەزانە، قۆناغەکەی دیکەش لە کاتێکی تردایە.

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی ئەنساروڵڵا، دەڵێت: ئێمە زانیاریمان هەیە کە هێزەکانی ئیمارات بەنیازن لە بەشێک لە دوورگەکانی یەمەن بمێننەوە، بەڵام ئێمە قبوڵ ناکەین ئیمارات تەنانەت یەک ئینج لەسەر خاکی یەمەن بمێنێتەوە.

سەرکردەکەی ئەنساروڵڵا، روونیشی کردەوە، فشاری رۆژئاوا هەیە بۆ سەر سعودیە و ئیمارات بۆ درێژەدان بە دەستدرێژی و گەمارۆدان، هەروەها گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمەلایەنە لە یەمەن، پێویستی بە کشانەوەی تەواوی هێزە بیانییەکان هەیە لە یەمەن.