زێلێنسکی لەکاتی بەربانگکردنەوەدا لەگەڵ موسڵمانان بەڵێنێک دەدات

K24 - هەولێر

سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا لە کاتی بەربانگکردنەوەی رەمەزاندا لەگەڵ سەربازە موسڵمانەکانی وڵاتەکەیدا، رەخنەی لە مامەڵەی رووسیا گرت لەگەڵ تەتارە موسڵمانەکانی دوورگەی کرێمیا، هەروەها سوێندی خوارد کە نیمچە دوورگەکە لە رووسیا وەربگرێتەوە.

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، بە سەرکردە موسڵمانەکانی ئۆکرانیا و باڵیۆزی وڵاتانی ئیسلامی گوتووە: "هەوڵی رووسیا بۆ بە کۆیلەکردنی ئۆکرانیا رێک لە داگیرکردنی دوورگەی کرێمیا دەستیپێکرد، بە سەرکوتکردنی ئازادی و تەتارە موسڵمانانی کرێمیا".

مۆسکۆ مەجلیسی قەدەغە کرد، کە کۆبوونەوەیەکی نەریتی کەمینەی تەتارە موسڵمانەکانی دوورگەکەیە، هەروەها بە رێکخراوێکی توندڕەو ناوی بردن و بەهۆی مەترسی ئەمنیەوە ئەوکەسانەی دەستگیرکرد.

زێلێنسکی پێش دابەشکردنی خەڵات بەسەر ژمارەیەک سەربازی موسڵمانی ئۆکرانیادا گوتی: هیچ بەدیلێک بۆ ئۆکرانیا یان جیهان نییە جگە لە کۆتاییهێنان بە داگیرکارییەکانی کرێمیا، دەگەڕێینەوە بۆ کرێمیا.

سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆکرانیا سوپاسگوزاری موسڵمانانی وڵاتەکەمان و هەموو موسڵمانانی جیهانە کە وەک ئێمە تامەزرۆی ئاشتی و پاراستنن لە خراپەکاری.

رووسیا لە ساڵی 2014دا، دەستی بەسەر دوورگەی کرێمیادا گرت کە هاوسنوورە لەگەڵ دەریای رەشدا لە ئۆکرانیا، هەروەها تەتارەکان لە نێوان 12 بۆ 15%ی دانیشتووانی دوورگەی کرێمیا پێکدەهێنن.