تایوان: 42 فڕۆکەی سەربازی و هەشت کەشتی چینی سنووری تایوانیان بڕیووە

K24 - هەولێر

42 فڕۆکەی سەربازی چینی و هەشت کەشتی، گەرووی تایوانیان بڕی، تایوانیش ئیدانەی ئەو کارەی چین دەکات.

وەزارەتی بەرگری تایوان رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 42 فڕۆکەی سەربازی چینی و هەشت کەشتی، هێڵی ناوەڕاستی گەرووی تایوانیان بڕیوە.

وەزارەتی بەرگری تایوان ئاماژەی بەوەشکرد، ئیدانەی ئەو جۆرە رێوشوێنە ناعەقڵانییانە دەکەن، هەروەها بەرگری لە ئاسایشی وڵاتەکەیان دەکەن.

پێشتریش چین مانۆڕی سەربازی ئەنجامدابوو، لە نزیک نۆکەندی "باشی" کە تایوان و فلیپین لەیەکتر جیادەکاتەوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە تایوان رایگەیاند: مەشقەکانی چین بریتی بوون لە هێرشی ئاسمانی ھاوشێوە بۆ سەر کەشتیەکان و شەڕی ئەلیکترۆنی، ھەروەھا مەشقی دژە ژێردەریایی.

سوپای چین ئەو مانۆڕانەی بە هۆشدارییەکی جددی بۆ جیاخوازان ناو برد، بەهۆی هاوپەیمانیان لەگەڵ هێزە دەرەکییەکان، دەشڵێت، مانۆڕەکان بۆ پاراستنی سەروەری نیشتمانی و یەکپارچەیی خاک پێویستە.

دەستپێکردنی مەشقەکان دوای رۆژێک دێت لە گەڕانەوەی تسای ئینگ وێن، سەرۆکی تایوان لە سەردانەکەی لە ئەمەریکا.

فەرماندەیی مەیدانی رۆژهەڵاتی سوپای رزگاری گەلی چینی، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، چین دەوریەی ئامادە بۆ شەڕ ئەنجام دەدات و مانۆڕەکە وەک پلانی بۆ دانراوە، لە دەوروبەری گەرووی تایوان و لە باکوور و باشوور و رۆژهەڵات ئەنجام دەدات.

تسای ئینگ وێن رۆژی چوارشەممە لە لۆس ئەنجلۆس چاوی بە کیڤن مەکارتی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کەوت، ئەمەش بووە هۆی تووڕەکردنی چین.

Fly Erbil Advertisment