فایەق زێدان: نیەتێکی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان
K24 – هەولێر:
سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق رایدەگەیەنێت نییەتێکی ئەرێنی لەنێوان هەردوو حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئارادیە و ئەنجامی ئەو نیەتە ئەرێنەیش لە چەند رۆژی رابردوو لە رێککەوتنی نێوان هەردوولادا بەدیهات.
ئەمڕۆ شەممە (8ـی نیسان/ ئێپڕڵی 2023) فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەردانیان بۆ هەولێر بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە یاساییەکان و پاڵپشتی ئەنجوومەنی دادوەری بوو.
سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق جەختیکردەوە، نیەتێکی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا لە ئارادیە و رێککەوتنەکەی ئەم دواییانەش لەنێون هەردوولادا سەبارەت بە پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، رەنگدانەوەی ئەو نیەتە باشە بوو. ناوبراو گوتیشی: "لە کاتێکی دیکەدا قسە لەسەر ماددەی 140ـی دەستووری تایبەت بە ناوچە جێناکۆک لەسەرەکان دەکەین."
هەر ئەمڕۆ شەممە (٨ـی نیسان/ ئێپڕڵی ٢٠٢٣) نێچیرڤان بارزانی، سهرۆكى ههرێمى كوردستان لە بەغدا لهگەڵ فایەق زێدان، سهرۆكى ئەنجوومەنی دادوهريى عێراق کۆبووەوە و "جهختيان له پێويستيى پشتگيريى ههمووان بۆ جێبهجێكردنى كارنامهى حكوومهتى فيدراڵى كردهوه."
بەگوێرەی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا هەدوولا بيروڕايان دهربارهى دۆخى گشتى و دوايين پێشهاتهكان و ڕێككهوتنى حكومهتى ههرێمى كوردستان و حكومهتى فيدراڵيى عێراق بۆ دهسپێكردنهوهى ههناردهكردنى نهوت گۆڕيوەتەوە.
رۆژی (8ـی ئادار/ مارسی 2023) فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ هەریەک لە سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لەمیانی ئەو کۆبوونەوانەدا جەخت لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور کرایەوە.