محەممەد شیاع سوودانی: بودجەیەکی بوێرانەمان پێشکەشکردووە

محه‌ممه‌د شیاع سوودانی
محه‌ممه‌د شیاع سوودانی

K24 – هەولێر:

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت بودجەی گشتی بودجەیەکی بوێرانەیە و چەندین پلانی لەخۆگرتووە بۆ بەگەڕخستنی پارە بەشێوەیەکی دروست.

ئەمڕۆ شەممە (8ـی نیسان/ ئێپڕڵی 2023) محەممەد شیاع سوودانی،  سەرۆکوەزیرانی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی 43ـیەمین ساڵیادی شەهیدکردنی محەممەد باقر سەدر گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: بودجەی گشتی کە حکومەت ئامادەی کردووە، بوێری و ئازایەتی تێدایە و چەندین پلانی لەخۆگرتووە بۆ بەگەڕخستنی پارەی وڵات بەشێوەیەکی رەوا و دروست.

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، کابینەکەی بەرنامەیەکی گشتگیری داناوە بەمەبەستی بووژانەوەی هەموو جومگەکانی ژیان، بۆیە ئەم قۆناغەی ئێستای حکومەت پێویستی بە پشتیوانی هەموو هێزە سیاسییەکان هەیە.

سوودانی هەروەها گوتی: "ئێمە بەرپرسین لە پاراستنی عێراق و سەرچاوەکانی، بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵەکانمان بەردەوام دەبن لەپێناو بووژانەوەی وڵات، بەشێوەیەک لەپاڵ کەرتی گشتیدا گرنگی بە کەرتی تایبەتیش دەدەین و هەموو کارئاسانییەک بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم کەرتە دەکەین".

رۆژی (13ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەمیانی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، رەزامەندی لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتی فیدراڵیی بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 نیشان دا و دواتر پرۆژەیاساکەی رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران کرا.

هەروەها بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار، درەنگانی شەوی (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.

پاش خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە، موحسین مەندەلاوی، کە سرۆکایەتی دانیشتنەکەی دەکرد، داوای لە لیژنەی دارایی کرد تێبینی و سەرنجەکانی خۆیان لەبارەی پڕۆژەیاساکە ئامادە بکەن، تا بەزووترین کات خوێندنەوەی دووەمیشی بۆ بکرێت.