سەدام لە نزیک گۆڕەپانی فیردەوس شاهێدی کەوتنی پەیکەرەکەی بوو

K24 - هەولێر

عێراقییەکان ئەمڕۆ یادی 20 ساڵەی رووخانی دەسەڵاتی سەدام حسێن و رژێمی حزبی بەعس دەکەنەوە، کە ماوەی 35 ساڵ حوکمڕانی عێراقیان کرد و لە 9ـی نیسانی 2003 لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانانەوە کۆتایی بە دەسەڵاتەکەیان هێنرا، پاسەوانێکی سەدام چەند زانیارێک ئاشکرا دەکات.

ساڵانە لەم بۆنە و یادە مێژووییەدا، چەندین باس و گێڕانەوەی جۆراوجۆر و نەگوتراو لە میدیاکان بڵاودەکرێنەوە و سەرنج دەخەنە سەر رووداوەکانی رۆژی کەوتنی پەیکەرەکەی سەدام حسێن لە گۆڕەپانی فیردەوس لە ناوەڕاستی بەغدا.

رۆژنامەی (الشرق الأوسط) لەم یادەدا راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا لێدوانی خانەنشینێکی نزیک لە سەدامی وەرگرتووە سەبارەت بە رووداوەکانی رۆژی 9ـی نیسانی 2003 کە وەک شاهێدێک لەگەڵ سەدام بووە و لە نزیکەوە چاودێری رووداوەکانیان کردووە و بینەری کەوتنی پەیکەرەکەی سەدام بوونە.

ئەو خانەنشینە بەهۆی باری ئەمنییەوە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژەی بەوە کردووە، تا دواساتەکانی رۆژی 9ـی نیسان لەگەڵ سەدام بووە و پاشان دوو جاری تر هەر لە ساڵی 2003 بینیویەتەوە. ئەو خانەنشینە دەڵێ: "ئەو رۆژەی پەیکەرەکەی سەدام لە گۆڕەپانی فیردەوس کەوتە خوارەوە، ئێمە لەگەڵ سەدام بووین و زۆر نزیک بووین لە گۆڕەپانی فیردەوس و بۆ شەوەکەیشی لە دەوروبەری مزگەوتی ئەبو حەنیفەی نوعمان لەگەڵ ژمارەیەک لە فیدائییەکانی سەدام و گەنجانی حزبی بەعس دەسووڕاینەوە و لەگەڵ هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا رووبەڕوو بووینەوە و ژمارەیەکمان لێ کوژرا و سەدامیش دەیویست هەر ئەو شەوە بکوژرێت! بەشێوەیەک تا بەرەبەیانی رۆژی 10ـی نیسان لەوێ ماینەوە، بەڵام دواتر سەدام بەرەو هیت رۆیشت و شەوەکەیشی لە ماڵی یەکێک لە ئەندامانی حزبی بەعس مایەوە و رۆژی 11ـی نیسان سەدام چووە دەوروبەری فەلووجە و بانگی پێنج کەسی کرد لە پاسەوانەکانی کە یەکێکیان من بووم، لەوێ لە نزیک بەنزینخانەیەک وەستابووین کە قوسەی کوڕی و چەند کەسێکی دیکەیش لەوێ بوون، بەڵام عەبد حموود کە سکرتێری بوو، لەوێ ئامادە نەبوو."

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەی گێڕانەوەکەیدا باسی لەوە کردووە، رۆژی 18ـی تەمموزی 2003 لە دوای نوێژی بەیانی گەنجێک هاتووەتە لای و پێی گوتووە لە بارەگای نهێنی (مقر سريّ) یەکتر دەبینن، بەم شێوەیە بۆ بەرەبەیانی رۆژی دواتر لەوێ ئامادەبووە و سەدام لەگەڵ چوار پاسەوان لەوێ بوونە و دیشداشەیەکی لەبەردا بووە و دەمانچەیەکی بە دەستەوە بووە، بەڵام خەمبار بووە و تەواو بێئومێدی پێوە دیار بووە و پێی گوتوونە عێراقییەکان بەم بارودۆخ و پێشهاتانە رازین، ئیتر ئێمە چی بکەین؟.

Fly Erbil Advertisment