داوا دەکرێت هاوسەر و منداڵانی چەکدارانی داعش لە سووریا بگەڕێننەوە وڵاتەکانیان

K24 - هەولێر

خاچی سوور داوا لە ئوسترالیا و وڵاتانی دیکە دەکات هاوسەر و منداڵانی چەکدارانی داعش لە سووریا بگەڕێننەوە وڵاتەکانیان.

سەرۆکی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی داوا لە ئوسترالیا و وڵاتانی دیکە دەکات، کە هاووڵاتییانیان لە باکووری رۆژئاوای سووریا هەیە، لەو بارودۆخە نالەبارەی لە کەمپەکاندا تێیدا دەژین، رزگاریان بکەن و بییانگەڕێننەوە وڵاتەکانیان.

رۆبەرت ماردینی، سەرۆکی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، بارودۆخی نالەباری ناو کەمپەکانی باکووری رۆژئاوای سووریا کە هاوسەر و منداڵانی چەکدارانی داعشی تێدا دەستبەسەرکراون، رەنگە بۆ ماوەیەکی زۆر درێژە بکێشێت، کە ئەمەش لە رووی مرۆییەوە ناکرێ بەردەوام بێ.

رۆبەرت ماردینی بۆ ئەو مەبەستە داوای لە هەریەک لە ئوسترالیا و وڵاتانی دیکە کرد کاری جیددی بکەن بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتییەکانییان، چونکە ئەوان بەتایبەتی لە زستان و هاویناندا لە بارودۆخێکی زۆر قوڕسدا دەژین.

بەگوێرەی زانیارییەکان تا ئێستا 10 ئافرەت و 30 منداڵی ئوسترالی لەناو ئەو کامپانەدان، بەڵام حکومەتی ئوسترالیا هیچ هەنگاوێکی بۆ گەڕاندنەوەیان نەگرتووەتەبەر، لەلای خۆیشییەوە ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە دژی هەر هەنگاوێکی لەم شێوەیەیە.