"سزایه‌كی قورس چاوه‌ڕێی ڤاڵڤێردی ده‌كات"

ڤاڵڤێردی یاریزانی ئۆروگوایی یانه‌ی ریال مه‌درید
ڤاڵڤێردی یاریزانی ئۆروگوایی یانه‌ی ریال مه‌درید

دۆرانه‌كه‌ی ریال مه‌درید له‌ نێو یاریگه‌ی خۆی به‌رامبه‌ر ڤیاریال هێنده‌ی رووداوه‌كه‌ی نێوان فیدی ڤاڵڤێردی و ئالێكس باینا كاردانه‌وه‌ی به‌دوای خۆیدا نه‌ھێنا، رۆژنامه‌ی موندۆ دیپۆرتیڤۆ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات لێژنه‌ی سزایه‌كان له‌ ئه‌نجوومه‌نی لالیگا چاوه‌ڕێی به‌ڵگه‌ ڤیدیۆییه‌كان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بڕیار له‌سه‌ر سزایه‌كان بدات.

له‌ گه‌ڕی 28ـه‌می لالیگا، ریال مه‌درید له‌ نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ 3 ـ 2 به‌رامبه‌ر ڤیاریال تووشی شكست بوو، ئه‌مه‌ش دووه‌مین دۆڕانی مێرێنگی بوو له‌م وه‌رزه‌ به‌رامبه‌ر زه‌رده‌واڵه‌كانی ئیسپانیا.

به‌ گوێره‌ی پێگه‌ی موندۆی ئیسپانیا، له‌ دوای كۆتایی هاتنی یارییه‌كه‌، ڤاڵڤێردی یاریزانی ئۆروگوایی له‌گه‌ڵ دوو یاریزانی ریال مه‌درید له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگا چاوه‌ڕێی ئالێكس باینای كردووه، دواتر یه‌خه‌ی باینای كردووه‌ و پێی گوتووه‌ له‌ نێو یاریگه‌ ئه‌وه‌ چیت به‌ خێزانم و كوڕه‌كه‌م گوت و یه‌كسه‌ر بۆكسێكی له‌نێوچاوانی داوه‌، دواتر پۆلیس هاتووه‌ته‌ نێو بابه‌ته‌كه‌، به‌مه‌ش ئه‌گه‌ری سزادانی ڤاڵڤێردی هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌و یاریزانه‌ سكاڵا له‌و یاریزانه‌ی ریال مه‌درید بكات.

دواتر ئالێكس باینا یاریزانی ڤیاریال له‌ ئینستاگرام نووسیویه‌تی: ڤاڵڤێردی درۆ ده‌كات هیچ قسه‌یه‌ی نه‌شیاوم به‌ كوڕه‌كه‌ی نه‌گوتووه‌.

فیدی ڤاڵڤێردی و خێزان و كوڕه‌كه‌ی
فیدی ڤاڵڤێردی و خێزان و كوڕه‌كه‌ی

به‌ گوێره‌ی میدیاییه‌كانی ئیسپانیا، ئه‌م رووداوانه‌ په‌یوه‌ندی به‌ یاریی پێشووتر هه‌بووه‌، كاتێك ریال مه‌درید له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ بووه‌ میوانی یانه‌ی ڤیاریال، له‌و یارییه‌شدا كوڕانی ئانچیلۆتی یارییه‌كه‌یان دۆڕاند. ئه‌وكات ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاوبووه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ ئالێكس باینا قسه‌ی نه‌شیاوی به‌رامبه‌ر ڤاڵڤێردی به‌كارهێناوه‌ و پێی گوتووه‌ بگری چونكه‌ ژنه‌كه‌ت له‌ منداڵبوون ده‌ترسێت.

له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌ رۆژنامه‌ی سپۆرتی ئیسپانیا نووسیویه‌تی: ڤاڵڤێردی له‌ یارییه‌كه‌ی شه‌وی رابردوو به‌ ئالێكس باینای گوتووه‌ بیرم نه‌چۆته‌وه‌ كه‌ له‌ یاریی رابردوو چیت به‌رامبه‌رم به‌كارهێناوه‌، بۆیه‌ ده‌بێت تۆڵه‌ت لێ بكه‌مه‌وه‌، بۆیه‌ له‌ دوای یارییه‌كه‌ كاتێك ئالێكس باینا ته‌له‌فۆنی كردووه‌ ڤاڵڤێردی له‌به‌رده‌م كامێراكانی ده‌ورووبه‌ری باره‌گای ریال مه‌درید بۆكسێكی لێداوه‌ و پێی گوتووه‌ جارێكی دیكه‌ گاڵته‌ به‌خێزانه‌كه‌م نه‌كه‌یت.

به‌ گوێره‌ی پێگه‌ی موندۆ، یانه‌ی ڤیاریال به‌ڵگه‌ی پێویستی لایه كه‌ ته‌واوی شه‌ڕه‌كه‌ی تێدا تۆمار كراوه‌ و به‌ نیازه‌ سكاڵا له‌سه‌ر ڤاڵڤێردی تۆمار بكات.

له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌، تۆڕی هه‌واڵی كواترۆ رایگه‌یاندووه‌ ڤیاریال وه‌كو رێزێك بۆ ریال مه‌درید سكاڵا له‌سه‌ر ڤاڵڤێردی تۆمار ناكات.

ڤاڵێردی یاریزانی ریال مه‌درید باینا یاریزانی ڤیاریال
ڤاڵێردی یاریزانی ریال مه‌درید باینا یاریزانی ڤیاریال