پێشبڕکێی ئۆف-رۆد لە بیابانی ئەنبار بەڕێوەچوو

لە بیابانی رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار، هۆگرانی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لە ناوچە جیاوازەکانی عێراقەوە لە پێشبڕکێیەکی "ئۆف رۆد"دا کۆبوونەوە، بە ئامانجی تاقیکردنەوەی لێهاتوویی خۆیان لە بڕینی رێڕەوە سەخت و قوڕاوییەکان و بووژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری لە ناوچەکەدا.

سەرپەرشتیارانی ئەم چالاکییە روونیدەکەنەوە، ئامانجیان رەخساندنی دەرفەتێکی نوێیە بۆ کێبڕکێی گەنجان و برەودان بە بەهرەکانیان، هاوکات چالاکییەکە وەک دەروازەیەک بۆ گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاری لە پارێزگاکەدا هەژمار دەکەن.

رەعد مەجید، سەرپەرشتیاری پێشبڕکێیەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند: "پێشبڕکێیەکە گەنجان هان دەدات زیاتر پەرە بە ئۆتۆمبێلەکانیان بدەن، چونکە ئەمە شتێکی نوێیە و هەموو نوێگەرییەکیش گۆڕانکاری دەهێنێت؛ بۆیە پێشبڕکێی ئۆف رۆد 100%ـی سەرکەوتووە و پاڵپشتیی کەرتی گەشتیاریش دەکات."

شۆفێرە لێهاتووەکان لە بەغدا و ناوچەکانی دیکەوە بە ئۆتۆمبێلە بەهێزەکانیان رووبەڕووی رێڕەوە سەخت و قوڕاوییەکان بوونەوە، بەشداربووانیش ستایشی کەشوهەوا و ئاستی بەرزی رێکخستنی پێشبڕکێیەکەیان کرد.

حوسێن حەیدەر، بەشداربووی پێشبڕکێیەکە لە بەغداوە گوتی: "رێکخستنی چالاکییەکە زۆر نایاب بووە؛ گەنجان بە ئۆتۆمبێلە بەهێزەکانیانەوە بەشدارن و هەموویان زۆر پیشەییانە مامەڵەیان کردووە. کەشوهەواکەش پاییزی و لەبارە و رێڕەوی پێشبڕکێیەکەش زۆر باشە."

ئەم چالاکییە کە لەلایەن یانەی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلی عێراقییەوە رێکخرابوو، هاوکات لەگەڵ پێشبڕکێ سەرەکییەکە، نمایشی پەڕەشووتەوانیشی لەخۆگرتبوو، ئەمەش کەشێکی پڕ لە جۆش و خرۆشی لە کۆتایی هەفتەدا بۆ بەشداربووان رەخساند.