تابلۆیەکی ئۆتۆمبێل لە ئیمارات بە 15 ملیۆن دۆلار فرۆشرا

.
.

K24 - هەولێر

لە دوبەی (مەزاد) زیادکردنێکی خێرخوازی بۆ فرۆشتنی ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێل و ژمارەی تەلەفۆن بەڕێوەچوو، تێیدا نزیکەی 27 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبوو، کە بۆ پاڵپشتیکردنی هەڵمەتی بەخشینی یەک ملیار ژەم خۆراک خەرجدەکرێت.

بەپێی رێکخەرانی زیادکردنەکە، گەورەترین سندوقی بەخشینی خۆراک بووە، بۆ دابینکردنی ژەمە خۆراکی بەردەوام بۆ ملیۆنان خێزانی کەمدەرامەت.

رۆژنامەی "ئیمارات ئەلیەوم" رایگەیاند، زیادکردنەکە کە لەلایەن دەزگای دەستپێشخەری جیهانی محەممەد بن راشد ئال مەکتومەوە بە هاوکاری چەند دەستە و دامەزراوەیەک لە ئیمارات بەرێوەچوو، کە زیادکردنەکە فرۆشتنی 35 ژمارەی ناوازەی لەخۆگرتبوو.

لە زیادکردنەکەدا فرۆشتنی گرانترین ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە جیهاندا بە بڕی 55 ملیۆن درهەم "نزیکەی 15 ملیۆن دۆلار" بۆ تابلۆی ئۆتۆمبێلی ژمارە "P7"، فرۆشرا، کە ژمارەی پێوانەیی پێشووی شکاند کە 52.2 ملیۆن درهەم بوو.

هەروەها ژمارەی تەلەفۆنی ئەڵماسی “0548888888”ی کۆمپانیای ئیتیسالاتی ئیماراتی، بە بڕی 2.3 ملیۆن درهەم فرۆشرا، هەروەها فرۆشتنی ژمارەی تەلەفۆنی پلاتینی “971583333333” لە کۆمپانیای (دو)، بە بەهای یەک ملیۆن درهەم فرۆشرا.

رۆژنامەی خەلیج، بڵاویکردەوە، کەمپەینەکە بۆ ماوەی 15 رۆژ بەردەوام بووە، داهاتەکەی بڕی 514 ملیۆن درهەم بووە.

ئەم داهاتە لە بەخشینی 87 هەزار خۆبەخش لە خاوەن پشکە گەورەکان و کەسەکان و کۆمپانیاکان و دامەزراوەکانی کەرتی گشتی و تایبەتەوە هاتووە.

Fly Erbil Advertisment