عەلی زەیدی فەرمانی لێکۆڵینەوەی لە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان دەرکرد
دوای ئەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان هەڕەشەی دابڕانی پارێزگاکەی لە دەسەڵاتی فیدراڵی کرد، ئەمرۆ عەلی زەیدی فەرمانی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ ئەو بەرپرسە دەرکرد.
دووشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، عەلی زەیدی فەرمانیکرد لێکۆڵینەوە لەگەڵ مستەفا دەعیر حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان بکرێت. ئەو بڕیارە لە وەڵامی ئەو لێدوانانەدا دێت کە یەکشەممە لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکەوە بڵاوکرابوونەوە.
مستەفا دەعیر حەسەن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە نزیک دەروازەی شەیب، مۆڵەتێکی سێ رۆژی بۆ کردنەوەی دەروازەکە دیاریکرد و هەڕەشەی کرد ئەگەر لەو ماوەیەدا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، بایکۆتی مەدەنی رادەگەیەنن و هەنگاو دەنێن بۆ دابڕانی پارێزگاکە لە دەسەڵاتی بەغدا.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم فەرمانە جەختکردنەوەیە لەسەر پێویستیی پابەندبوون بە یاسا و پەیڕەوکردنی رێکارە دەستووری و کارگێڕییەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیە خزمەتگوزاری و کارگێڕییەکان. دیاریکردنی لێپرسراوێتیی یاسایی لەسەر ئەو لێدوانانە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەجێهێڵدراوە.
یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، مستەفا دەعیر، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە نزیک دەروازەی شەیب، وادەی سێ رۆژی بۆ کردنەوەی دەروازەکە دیاریکرد، هۆشداری دا، ئەگەر لەو ماوەیەدا داواکارییەکەیان جێبەجێ نەکرێت، مۆڵەتەکە تا پێنجشەممەی داهاتوو درێژ دەکەنەوە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان جەختیکردەوە، ئەگەر وەڵامی داواکارییەکەیان نەدرێتەوە، بایکۆتی مەدەنی رادەگەیەنن و سەرجەم رێگاکان دادەخەن، هەروەها هەنگاوی جددی بۆ دابڕانی پارێزگاکە لە دەسەڵاتی بەغدا دەگرنەبەر.
حکوومەتی عێراق سێشەممەی رابردوو، 20ـی تشرینی یەکەم، بڕیاریدا دەروازەی سنووریی شەیب لەگەڵ ئێران تا کاتێکی نادیار دابخات.
هاوکات وەزارەتی ناوخۆی ئێران ناڕەزایی دەربڕی و جەختیکردەوە، تاران هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختەی لە بەغداوە سەبارەت بەو بڕیارە بەدەست نەگەیشتووە.