وڵاتانی ئەندام لە رێککەوتنی مەککە لە تاران کۆدەبنەوە

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەرپرسانی باڵای وڵاتانی واژۆکەری 'رێککەوتنی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش’ کە پێکهاتوون لە سعوودیە، تورکیا و پاکستان، لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی کۆببنەوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەماهەنگیی ناوچەیی.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوکردەوە کە سعوودیە لەلایەن شازادە خالد بن سەلمان، وەزیری بەرگرییەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، پاکستان لەلایەن عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان و تورکیاش لەلایەن ئیبراهیم کالن، بەرپرسی دەزگای هەواڵگرییەوە نوێنەرایەتی دەکرێن.

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە دۆخەکە بەهۆی ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمەریکا دژی تاران لە داهاتوودا لە ئارادایە، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا دۆسیەی حووسییەکان و هەنگاوەکانی کۆتاییهێنان بەو هەڕەشانەی لەسەر ریاض دروستی دەکەن، تاوتوێ بکرێن.

لە 7ی ئابی 2026، سعوودیە، تورکیا و پاکستان لە شاری جەددەی سعوودیە رێککەوتننامەیەکیان بۆ بەرگریی هاوبەش واژۆ کرد.

ئەم هاوپەیمانییە نوێیە کە تورکیا، دووەم گەورەترین سوپای ناتۆ ، پاکستان وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی و سعوودیە گەورەترین هەناردەکاری نەوتی جیهان لەخۆدەگرێت، تورکیا ئاشکرای کردووە لە داهاتوودا دەرفەت هەیە میسریش پەیوەندی بەم هاوپەیمانییە بەرگرییەوە بکات بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە، بەبێ ئەوەی ئامانج لێی هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانییە تەقلیدییەکان بێت لەگەڵ واشنتندا.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژەی دابوو، رێککەوتننامەکە هاوشێوەی ماددەی پێنجەمی پەیمانی ناتۆ بڕگەی بەرگریی بەکۆمەڵ لەخۆدەگرێت؛ بە جۆرێک کە هەر هێرشێکی چەکداری بۆ سەر یەکێک لەو سێ وڵاتە، وەک هێرش بۆ سەر تەواوی ئەندامانی رێککەوتنەکە هەژمار دەکرێت، ئامانج لێی بەهێزکردنی توانای بەرپەرچدانەوەی هاوبەشە لە بەرامبەر هەر دەستدرێژییەکی سەربازیدا.