لە سنووری گەرمیان بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکەوە حەوت کەس بریندار بوون
ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر ڕێگەی نێوان کەلار و گوندی گۆبان، بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکەوە حەوت کەس بریندار بوون و بەشێکیشیان بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کران.
ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیان بڵاویکردەوە، ئۆتۆمبێلێکی جۆری (کیا سیراتۆ) کە لە کەلارەوە بەرەو گوندی گۆبان دەڕۆیشت، پێش گەیشتنی بە ناو گوندەکە شۆفێرەکەی کۆنترۆڵی لەدەست داوە و وەرگەڕاوە.
هاتوچۆی گەرمیان ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئەنجامی رووداوەکەدا، حەوت کەس بریندار بوون و سەرجەمیان دەستبەجێ بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار کران.
هاوکات هاتوچۆی گەرمیان باسی لەوەش کردووە، بریندارەکان سەرجەمیان منداڵ و مێرمنداڵن و لەدایکبووی ساڵانی (2009، 2009، 2010، 2011، 2011، 2013 و 2013)ـن، هاوکات بەهۆی ناجێگیریی دۆخی تەندروستییانەوە، سێ لە بریندارەکان بۆ چارەسەری زیاتر ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی کراون.
لە دوای رووداوەکەش، تیمی پۆلیسی هاتووچۆ گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست و لێکۆڵینەوەیان بەمەبەستی دەستنیشانکردنی هۆکار و چۆنیەتیی ڕووداوەکە دەست پێ کردووە.